دەستگرتنی خێرای دەستەی تەحریری شام بە سەر دیمەشق دا بەو خێراییە، هەموو کەسی تووشی سەرسووڕمان کرد، بەڵام بەر لەوە و هێشتا هێرشەکە لە حەلەب بوو، سەرکردەیەکی ئاگاداری کورد کەوتە کار و نەوای ئارامی پەیوەندی نێوان هەیئەی تەحریری شام و هەسەدەی لە شاری حەلەب دروستکرد، بە پاراستنی هەرسێ گەڕەکی کوردنشین و کریستیان نشینی (شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و سریان) . ئەمە بە هەوڵی بەردەوامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئاگاداری ئەمریکا پێکهات. بەوهۆیەوە ئاشتی و ئارامی شاری حەلەب پارێزرا، کورد و کریستیانەکان لە شەڕ و ئاوارەبوون پارێزران، پێکدادان لەنێوان هەسەدە و هەیئەی تەحریری شام رووینەدا، لە ئەنجامیش دا ئەم دوو هێزە لەسەرەتای ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەدا نەوکەوتنە وێزەی یەکتر. ئەمەش بنچینەییترین کاریگەری هەبوو لەسەر ئەو پرۆسەیەی کە لە حەلەبەوە دەستیپێکرد و گەیشتە دیمەشق.
هەروەها ئەو هەوڵانەی لە تورکیا دران و لێکتێگەیشتنی نێوان هەسەدە و دەستەی تەحریری شام، سەرەڕای هەندێک دەستدرێژی و پێشێلکاری، رێگەی دەرکەوتنی ئارامی بۆ زیاتر لە سەت هەزار ئاوارەی عەفرینی لە ناوچەی شەهبا خۆشکرد کە زۆربەیان روویانکردە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر. ئەگەر وانەبووایە، مەترسی گەورە هەڕەشەی لە ژیانی ئەم ئاوارانە دەکرد لە کاتی پەلاماردانی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سووری ئۆپۆزیسیۆن بۆ ناوچەکە. هەموو ئەمانەش بەهۆی کاریگەری رێککەوتن بوو لەسەر سێ گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەب.
نێچیرڤان بارزانی ئەو سەرکردەیە بوو، کە بە ئاشتی کلیلێکی بۆ کردنەوەی دەرگای متمانەی لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دروستکرد، وایکرد هێرشی راستەوخۆ و فراوانی سەربازیی تورکیا دروست نەبێت، هەروەها نەوایەکی ئارامی بۆ ئەم سێ گەڕەکە کوردنشینە و هەموو شاری حەلەب دروستکرد کە رەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو بۆ هەموو سووریا. ئەوەی لە حەلەبەوە دەستیپێکرد، ئەوەی لە سووریا جێگیربوو (بەر لە هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان) و ئەو هاندانە بەردەوامەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ مەزڵووم عەبدی کە بچێتە دیمەشق و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارێتی نوێی دیمەشق خۆش بکات ، زەوینەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش زۆر بەهێزکرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەوشێوەیە رۆڵێکی کلیلیی بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا گێڕا. لە هەمان کاتدا پێشوازیکردنی سەرۆک بارزانی لە مەزڵووم عەبدی و پشتیوانیکردنی، وایکرد کە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان پشتیوانی هەنگاوەکانی مەزڵووم عەبدی بکەن و، هێزێکی گەورەی سیاسی کوردستانی و جەماوەری پێبەخشن. ئەم کۆبوونەوە مێژووییە نەخشە رێگەیەکی روونی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی نوێی سووریا و رۆڵی کورد تێیدا دانا، بەهۆی پێگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی و کوردستانیی سەرۆک بارزانی، هەروەها بەهۆی شارەزایی و دیدە قووڵەکەی بۆ بارودۆخی ناوچەکە و هاوکێشەکانی گۆڕانکاری تێیدا.
هەروەها رۆڵی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا زۆر گەورە و کاریگەربوو لەسەر رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە، بەڵام رۆڵی نێچیرڤان بارزانی بە دیپلۆماسییەکی بێدەنگ رۆڵێکی زۆر سەرەکی و تەواوکارانەی هەبوو بۆ رێگرتن لە شەڕ و جێگیرکردنی ئاشتی.
لە تەلەفۆنەکانی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دا، باسی جەنگ نەبوو تەنیا رێگەکانی دروستکردنی ئاشتی و پەیوەندی هێمنانە باس دەکران. پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ مەزڵووم عەبدی بە کورتی ئەوەبوو: ئێستا قۆناخی شەڕ تێپەڕیوە، چانسێک هەیە دەرگای ئاشتییەکی فراوان بکرێتەوە لە ناوچەکەدا، چوون بۆ دیمەشق و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی نوێی سووریا پێویستە، دەستووری سووریا لە دیمەشق دەنووسرێ و هەر لەوێش پەسەند دەکرێت، مافەکانی کورد دەبێ لە دیمەشق بچەسپێندرێن، لەبەرئەوە کورد دەبێ لە رۆژئاوای کوردستان رێککەون و لە دیمەشق یەکگرتووبن.
رێککەوتنی رۆژی 10ی ئەم مانگە لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک رێککەوتنێکی پرەنسیپی دێتە بەرچاو بۆ گفتوگۆیەکی فراوان و درێژ، بەڵام زەوینەیەکی گونجاوی کارکردنی هاوبەشی سیاسی بۆ هەموو لایەک کردووەتەوە، لە هەمان کاتدا دۆخێکی کۆمەڵایەتی زۆر باشی هێناوەتەکایەوە کە رادەی یەکتر قبوڵکردنی لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریادا زۆر بە باشی کردووەتەوە.
راگەیاندنی رێککەوتنی لەناکاوی رۆژی 10ی ئادار لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، وەک رێککەوتنێکی پرەنسیپی، جۆرێک لە دوودڵی و رەنگە ناڕەزاییشی لەلای هەندێک پارت و لایەنی سیاسی لە کوردستانی سووریا دروستکردبێت، بەتایبەتی ئەنەکەسە کە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنەکانی نزیک لە پارتی یەکێتی دیموکراتیی سووریا کە پارتی باڵادەستی خۆسەری دیموکراتییە، بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەمڕۆ لەنێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی کارەکانی خستەوە سەر رێڕەوی راست، بێگومان ئەمەش هانی لایەنە کوردییەکان دەدات بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی رێککەوتن لەسەر کارنامەیەکی سیاسی یەکگرتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە سووریا و پێکهێنانی شاندێکی یەکگرتوو. گرەوی سوورییەکان لەسەر کورد زیاتر دەبێت بۆ گەیشتنی سووریا بە ئەزموونێکی دیموکراسی، لایەنە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکانیش پشتیوانی لە رۆڵ و یەکگرتوویی کورد دەکەن لە سووریا، کە ئێستا دەرگەی پایتەختی سووریا بەڕووی کورد دا کراوەتەوە، بۆیە پێویستە کورد بوونی بەهێز و کاریگەری خۆی لە دیمەشق بسەلمێنێ بە جۆرێک کە هیچ لایەنێک نەتوانێت لەمەودوا کورد پەراوێزبخات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ