ئیسلام وەک ئایین هەژار دۆستە، بەڵام هەژاری ویست نییە! ئەگەر سەیری قورئان بکەین و بەپێی لێکدانەوەی زانستی پتر لە 350 جار وشەی کار - کردەوە (العمل) و لێوەرگیراوەکانی لە قورئان دا هاتووە، کە ئەمە ئەوپەڕی بایەخدانی ئیسلامە بە کار، کارکردن و دووربوون لە دەستبەتاڵی و بێکاری، بۆئەوەی تاک چی و چۆن لە دەستی دێت کار بکات و کردەوە و بەرهەمی هەبێت، ئەمە ئاماژەیە بەوەی ئەسڵ لە ئیسلام هەوڵ و کۆشش و کارکردنە، بەڵام ئەوەی بە هەر هۆکار و بیانووێکەوە ناتوانێ کار بکات و بژێوی ژیانیشی وەک پێویست پێ دابین ناکرێ، ئەوە ئەرکی یارمەتیدانی دەکەوێتە سەر دەوڵەمەند و خواپێداوان، لێرەوە بەهای مرۆڤبوون و بەهاناوەچوون و گیانی هاوکاری دێتە پێشەوە، بۆ ئەوەی هەستی هاوخەمی و هەڵگرتنی باری قورسی یەکدی وەک بەشێکی گرنگی دینداری سەیر بکرێت، چونکە ئیسلام زۆر هانی کاری خێر و خێرخوازی دەدات، زەکاتیش رێگەی سەرەکیی ئەو هاوکارییەیە.
زەکات پایەیەکە لە پایەکانی ئیسلام، بەپێی ئایەت و فەرموودە لەسەر ساڵی دووەمی کۆچی لەسەر موسڵمانان فەرز کراوە و 82 جار لە قورئانی پیرۆز دا هاتووە. زەکات بریتییە لەو ئەندازە دیاریکراوە لە پارە، زێڕ و زیو، ئاژەڵ، میوە و دانەوێڵە و ماڵی بازرگانی و هتد... بە دوو مەرجی سەرەکی کە بریتییە لە گەیشتنە ئەندازەی زەکات و سوڕانەوەی ساڵێکی تەواو بەسەر ئەو ئەندازەیە پێویستە بدرێتە هەژاران. هەروەها مەرجی واجببوونی زەکات ئەوەیە زەکاتدەرەکە موسڵمان بێت، ئازاد بێت و ماڵەکەش لەو شتانە بێت کە زەکاتی لێ دەکەوێت و بگاتە ئەندازەی دیاریکراوی زەکات و خاوەنداری ماڵەکەی هەبێت. لە تێڕوانینی ئیسلام دا، زەکات بەشێکی گرنگ و جێی بایەخە و لەپێناو کۆمەڵێک ئامانج و حیکمەت و رەهەندی جیا جیای بووژانەوەی ئابووری، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، دروستکردنی گیانی هاریکاری، گەشەپێدانی مامەڵە و بازرگانی، پاک راگرتنی سامان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دونیایی و قیامەتی لەسەر موسڵمانان فەرز کراوە.
بەداخەوە رەنگە لەم سەردەمە کەمتر مەبەستە باڵاکانی شەریعەت لە بەجێگەیاندنی زەکات بێنەدی، لەبەرئەوەی پارەیەکی زۆری زەکات و سەرفیترە هەیە، بەڵام بە شێوازێکی شایستە لێک نادرێت و کۆناکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتواندرێ زۆرترین سوود بگەیێنێت. بەپێی خەمڵاندن ئەم ساڵ پتر لە 15 ملیار دینار زەکاتی سەرفیترە و فیدیە لە کوردستان هەیە، چونکە بەپێی ئاماری سەرژمێری، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش ملیۆن و 500 هەزار کەسن، لەو رێژەیە (95%)ـی موسڵمانە، لای کەمی وەربگرین چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس سەرفیترە دەدات و بەشێک لەم رێژەیە فیدیەش دەدات، ئەم ساڵ بە پێی فەتوای ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بۆ هەر کەسێک (سێ هەزار دینار) دیاریکراوە، کەواتە چوار ملیۆن و 500 هەزار لێکدانی 3000 دینار بکەیت، دەکاتە زیاتر لە 13 ملیار دینار، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدان ملیار دینار پارەی زەکات هەیە، کەچی لە ئاست ئەو بڕە پارە زەبەلاحە، کەمتر هەست بە گۆڕانکاری دۆخی هەژاران دەکرێت، ئەمەش بەڕای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەم دوو خاڵە:
یەکەم: نەبوونی هۆشیاریی پێویست لەبارەی زەکات لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام و مەبەستە گرنگەکانی زەکاتدان لە بوژاندنەوەی ئابووری، گەشەی کۆمەڵایەتی و باشکردنی دارایی خەڵک، خەڵک هەیە رەنگە ملیۆنێک زەکات بداتە 30 کەس، کە کەسیان سوود لەو بڕە پارە کەمە نابینن بۆ تێپەڕاندنی قەیران یان دۆخی هەژاریی خۆیان.
دووەم: نەبوونی سندووقی زەکات و لیژنەیەکی نموونەیی بۆ سەرپەرشتی و کۆکردنەوەی داهاتی زەکات و بەشینەوەی بەسەر هەژاران بە سیستم و شێوەیەکی رێکوپێک و لە ئاست خواست و مەبەستە باڵاکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، بۆئەوەی لانی کەم ساڵانە 30 تاوەکو 35 هەزار ماڵی کەمدەرامەت لە نەداری و هەژاری رزگار بکرێن. نەبوونی ئەو سندووقە بۆشاییەکی گەورەیە و پێویستە لە کوردستان هەنگاوی بۆ بنرێت، بۆ ئەوەی بڕ و قەبارەی زەکات کۆبکرێتەوە و بە رێکوپێکی بدرێتە هەژاران، هەڵبەت زەکات بۆ ئەوەیە کەسێکی هەژار لە هەژاری رزگار بکرێت، ئەمە مەبەستی شەریعەتە بۆ ئەوەی ساڵ بە ساڵ و بە پلەبەندی هەژاری کەم بێتەوە، وەک پێغەمبەر (د. خ) ئاماژەی بۆ کردووە و دەفەرموێت: زەکات لە دەوڵەمەندان وەردەگیرێت و دەدرێتە هەژاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ