رێککەوتنە 8 خاڵییەکەی سووریا - هەسەدە، وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگە لە سووریای نوێ دا. بێگومان بەشێوەیەکی گریمانەیی، ئەو دەستکەوتەی لەوانەیە کورد بەهۆی ئەم رێککەوتنەوە دەستی بخات، کەمتربێت لەوەی کە دەکرا لە 2011ـەوە رووبدات، بەڵام بۆ هەلومەرجی ئێستا، لە یارییەکی بردنەوە دەچێت، بەو پێیەی یەکەمجارە دەسەڵاتێکی سووری لە مێژووی نزیکدا، دان بە ناسنامە، بەشداریی سیاسی و سەربازیی کورد دا بنێت. بۆ جۆلانیش رێککەوتنەکە هەر بردنەوەیە، چونکە ئیدی بە خەیاڵێكی ئاسوودەترەوە دەتوانێت رووبەڕووی تەگەرەکانی دیکەی پێش خۆی ببێتەوە، ئەوە بێجگە لەوەی لەسەر باڵادەستیی سووریا لە جومگە سەرەکییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە رێککەوتن، کە پێشتر ئەگەری شەڕ لەسەری هەبوو. بەئەگەری زۆرەوە، لە دوای رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کە تێیدا سەتان کەس کوژران، هەروەها ئەگەری بەهێزبوونی گرووپە ئیسلامییە پەڕگیرەکان، زۆربەی وڵاتان نایانەوێ دەسەڵاتی سووریای ئەحمەد شەرع، مەرکەزی بێت. لە هەمانکاتدا بۆ مەزڵووم عەبدیش، لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، دۆخی گۆڕاوی سووریا، گوشاری ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، رێککەوتن باشترین بژاردەیە.
خاڵی یەکەم و حەوتەمی رێککەتنەکە شتی گشتین و دەشێ دەستەواژە و رستەی وەها لە زۆربەی رێککەوتنە هاوشێوەکاندا ببیندرێن. لە خاڵی دووەمدا، باسکردن لە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی رەسەن لە دەوڵەتی سووریا، دوو وەرچەرخانی گرنگی تێدایە: یەکەمیان پێچەوانەی رەفتاری رژێمی پێشوو کە بەشێکی زۆری کوردی وەک کۆچەر تەماشا دەکرد و تەنانەت ناسنامەی هاووڵاتیبوونیشی پێنەدەدان، وەک خەڵکی رەسەن ناوی بردوون، کە مافی هاووڵاتیبوونیان هەبێ. ئەمە بێجگە لەوەی وەک کۆمەڵگەیەک ناوی بردوون کە دەتوانێت دانپێدانان و پاشاخانێک بێت بۆ گفتوگۆکانی داهاتووی هەردوولا لەسەر مافی گشتیی کورد، بێجگە لەو مافەی وەک تاک - هاووڵاتی هەیەتی. دووەمیشیان ئەوەیە هەر لەو مادەیە و لە تەواوی دەقی رێککەوتنەکەشدا کە تایپ کراوە، بێجگە لە دەستوخەتەکەی جۆلانی، تەنیا دەستەواژەی دەوڵەتی سووریا بەکارهاتووە، نەوەک کۆماری عەرەبیی سووریا!
هەرچەندە، ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە پێویستیان بە هێشتنەوەی چەکدار هەیە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، وەک ئەندازیاری رێککەوتنەکە دەردەکەون، بەڵام خاڵی سێیەم و پێنجەمی ریککەوتنەکە دەریدەخەن تورکیایش لایەنێکی ئەو کارە بووە. چونکە جۆلانی بۆ خۆی باش دەزانێت بە بێ رەزامەندیی تورکیا، ئەستەمە بتووانێت بەڵێنی راگرتنی شەڕەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاخ بدات، کە لە دیسەمبەری 2024ـەوە لەنێوان هەسەدە و گرووپەکانی لایەنگری تورکیا لە ئارادایە. ئەمە بێجگە لەوەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی کە تورکیا لە ساڵەکانی 2018 و 2019ـوە گرتوونی، دیسان پێویستیی بە رەزامەندیی ئەنقەرە هەیە. بەپێی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی لەدەستدان، بەشێک لەو دانوستاندنانەش راستەوخۆ لەنێوان تورکیا و هەسەدەدا کراون، هەرچەندە لایەنەکان ئەوەش رەتبکەنەوە. بەپێی رێککەوتنەکە وا چاوەڕان دەکرێت لە ماوەی یەک مانگ دا، هەزاران کورد بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. هەرچەند دیار نییە جێبەجێکردنی ئەمە چەندە ئاسان دەبێت، ئەویش لەکاتێکدا، کە راپۆرتی زۆر لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن هەندێک گرووپی وەک حەمزات و عەمشاتەوە بڵاکراونەتەوە و، دیار نییە ئایا لە کاتی گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە، هەر ئەو جۆرە گرووپانە لە ئاستی لۆکاڵیدا باڵادەست دەبن یان هێزێکی نوێ جێگیر دەبێت.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە، ماددەی 4ـی دەقەکەیە کە باسی تێکەڵاوکردنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەنێو ئیدارەی دەوڵەت دەکات. ئەمە جیاوازە لەباسی هەڵوەشاندنەوە و باس لەسەر تێکەڵاوکردنی دامەزراوەیە، بۆیە بەو واتەیە دێت، کە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری دەمێنێتەوە، بەڵام بەو پێیەی دەچێتە ژێر رکێفی ئیدارەی دەوڵەت، دەسەڵاتەکانیان کەمتر دەبێت. خۆ ئەگەر رێککەوتنەکە لەسەر کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەری بووایە، بە دیاریکراوی باسی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و بیرەکانی نەوت و گاز نەدەکرا. لەبارەی هەسەدە، وادیارە ناوەکەی بۆ فیرقە یان زیاتر لە فیرقەیەکی سوپای سووریا دەگوڕێت وەک ئەوەی بۆ گرووپەکانی دیکەش کراوە و ئیدی سەیر نابێت ئەگەر هەندێک لە فەرماندەکانی هەسەدە، لەنێو وەزارەتی بەرگری سووریا پۆست وەربگرن. لەوانەش باسێک لەسەر جێگری وەزیری بەرگری هەیە، هەرچەندە تائێستا هیچ شتێکی فەرمی لەوبارەیەوە رانەگەیەنراوە.
لەوانەیە خاڵی شەشەم پاڵنەرە سەرەکییەکەی شەرع بێت بۆ پەلەکردن لەو رێککەوتنە، کە لە مانگی دیسەمبەری رابردووەوە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا، فەرەنسا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەروەها بە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان ژێرخانەکەی ئامادەکراوە. رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا لە لایەک، هەموو ئەو چیرۆکەی خستووەتە ژێر پرسیار کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێ لەبارەی وەرچەرخانی گرووپێکی کۆنە جیهادیی وەک هەتەشەوە بڕوای پێ بکات. کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس، جارێکی دیکە ترسی پەڕگیریبوونی دەوڵەتی نوێی سووریای زیندووکردەوە و، شەرع دەیەوێ بەم رێککەوتنەی لەگەڵ هەسەدە، ئەو پەیامە بدات کە ئەهلی سازان و رێککەوتنە. ئەمە بۆ جۆلانی کە پێویستی بە دانپێدانانی نێودەوڵەتی، هەڵگرتنی سزا و 250 بۆ 400 ملیار دۆلار هەیە تاوەکو سووریای پێ بنیات بنێتەوە، بابەتێکی ستراتیژییە. ئەمە بێجگە لەوەی ترسی گۆڕانی ناڕەزایی عەلەوییەکان بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی درێژمەودای دیکەی نێوخۆیی، بۆ سەرۆککۆماری سووریا وەک دیوەزمەیەک وایە، کە دەتوانێ خەوی بزڕێنێ. ئەویش لەکاتێکدا کە رادەی شکانی دەسەڵاتەکەی بەسەر گرووپە چەکدارە سوننە هاوپەیمانەکانی خۆیشی، بابەتێکە کە قسەی زۆر هەڵدەگرێ.
خاڵی هەشتەمی رێککەتنەکە کرۆکی باسەکەیە. ئەویش کارکردنە بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، ئەو ریککەوتنە جێبەجێ بکرێت. بێشک لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بابەتی رێککەتن لە سەر کاخەز شتێکە و چۆنییەتی جێبەجێکردنیشی بە کردار شتێکی دیکەیە! بە ئەگەر زۆرەوە لەماوەی زیاتر لە 8 مانگی داهاتوو، نەک تەنیا هەردوو لایەنەکە، بەڵکو چەندین ئەکتەری دیکەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، قۆڵی یەکتر بادەدەن، تاوەکو ریککەوتنەکە بەپێی خواستی خۆیان جێبەجێ بکرێت. دواجار رادەی هێزی لایەنەکان، لەسەر زەوی و هاوسەنگی نێودەوڵەتییە، دەریدەخات چارەنووسەکەی چی دەبێت!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ