کورد تەنیا نیشتمانەکەی داگیرنەکراوە، بەتەنیا سەروەت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەویی خاکەکەی نەدزراوە، بەڵکو مێژوو، زمان، کولتوور، ئایین، بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی و تەنانەت ئاواز و گۆرانییەکانیشی دزراون. وەک چۆن پێویستە و رەوایە خەبات بۆ رزگارکردنی نیشتمانەکەی بکات، دەبێت بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زەوتکراوانەی دیکەشی تێبکۆشێت.
یەکێک لە دیارترین و گەورەترین ئەو دزییانەی لێیکراوە، جەژنی نۆڕۆژە. نۆ واتە نوێ، ئێمە ئێستاش دەڵێین نۆبەرە و نۆماڵ، بەڵام بە داتاشینی ئەفسانەیەکی چەواشەکارانەی فارسەکان، مێژووی ئەم جەژنە پیرۆزەی کوردیان شێواندووە. گوایە پاشای مادەکان مار و ئەژدیها لەسەر شانەکانی روواون و رۆژانە پێویستیان بە خوێن و سەری لاوێک بووە، گەلانی چەوساوە دەردەخوارد دراونەتە مار و ئەژدیهاکانی پاشای مادەکان. تا ئاسنگەرێکی فارس بە چەکوشەکەی دەستی سەری پاشای پانکردووەتەوە و ئازادی بۆ گەلانی ژێر دەسەڵاتی مادەکان هێناوە و خۆری رۆژێکی نوێ بە سەرکردایەتیی فارسەکان لە ناوچەکە هەڵهاتووە. نەورۆزیان وەک یادەوەری ئەو ئەفسانەیە چەسپاندووە.
لەکاتێکدا مێژووی کورد لە ناوچەکە دە هەزار ساڵ پێش فارسەکانە، نۆڕۆژیش لە 10 هەزار ساڵ پێش پەیدابوونی فارسەوە لەم ناوچەیە، وەک هێمای رۆژی نوێ و زیندووبوونەوە بەرز راگیراوە، بەڵام لەبەرئەوەی کورد دەوڵەتی نەبووە تاوەکو ئەم بۆنە و یادانە وەک بڕیاری دەوڵەتی بچەسپێنێت، ئەوان وەک حیکایەتێکی دەوڵەتخوازی خۆیان کردووە بە خاوەنی و نۆڕۆژی کوردیان کردووە بە نەورۆز و وەک جەژن و بۆنەیەکی ئێرانی لە مێژووی نوێدا تۆماریان کردووە. سەدان ساڵە ئەم بەیت و بالۆرە نالۆژیکی و چەواشەکارانەیە وەک ئەفسانەیەک بڕاوە بەسەر نۆڕۆژی کورداندا و وەک هێمای سەرکەوتنی فارسە قوربانییەکان بەسەر کوردە ستەمکارەکاندا، بڵاودەکرێتەوە. بەدرێژایی سەدەکانی دوای دەوڵەتی ماد، هەموو ئەو ئیمپراتۆر و دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە و حوکمی ناوچە کوردییەکانیان کردووە، ئەگەر بەشێوەی فەرمیش ئەم جەژنەیان قەدەخە نەکردبێت، رێگەیان نەداوە بە فەرمی وەک بۆنە و جەژنێکی نەتەوەی کورد یادبکرێتەوە.
شانبەشانی ئەم پرۆسەی زەوتکردنەی نۆڕۆژ (نەورۆز) لەلایەن فارسەکانەوە، لە سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام و هاتنی عەرەب بۆ ناوچە کوردییەکان، برا موسڵمانە عەرەبەکانیش جەژنی نەورۆزیان بە ئاگرپەرستی و غافڵبوون و دوورکەوتنەوە لە خودا، لە قەڵەم داوە. ئەوانیش تاوەکو پێیان کرابێت، هەوڵیانداوە کورد لەم جەژنە دووربخەنەوە. تورکەکانیش تا ئەم ساڵانەی دوایی، لە هەموو بۆنەیەکی نۆڕۆژدا زیندانەکانیان پڕ دەکرد لەو لاوە کوردانەی ئەم یادەیان پیرۆز دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە باوانیانەوە (سۆمەرییەکان) نەوە لەدوای نەوە، ئەم جەژنەیان وەک هێمای زیندووبوونەوە و رۆژێکی نوێ لەگەڵ خۆیان هێناوە. بۆیە سەرباری هەموو ئەو هەوڵە دەوڵەتییانەی دراون بۆ دابڕینی کورد لەم بۆنەیە، بێئاکام بووە. ئەم یادە بۆ کورد وەک بابەتێکی رۆحی و پیرۆزییەک کە پەیوەندی بە بوون و مانەوەیەوە هەبێت، بەو جۆرە بەرگریی لێکراوە، بۆیە بەدرێژایی هەزاران ساڵ ماوەتەوە.
ئەوەی ئێستا مایەی سەرنجە و زۆر جێگەی خۆشحاڵییە، دروستبوونی هەستی خۆبەخاوەنزانینەوەی ئەم بۆنە و یادەیە لای بەشی هەرە زۆری تاک بەتاکی نەتەوەی کورد، جا لەسەر خاکی کوردستان بژێت یان پەڕاگەندەی هەر جێگەیەکی جیهان بووبێت، ئەم یادە وەک جەژنێکی کورد دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر لەناو ماڵەکەی خۆیشی بێت و بە داگیرساندنی مۆمێکیش بێت. گەورە ئاهەنگی ساڵانەی ئامەد، مەهاباد و قامشلۆ و ئاکرێ، کوردانی دیاسپۆرا لە ئەورووپا و ئەمریکا و تەنانەت لە ئەفریقاش، سەلمێنەری خاڵێکی گرنگی سەردەمی بێدەوڵەتی کوردە کە ئەم گەلە خۆڕسکانە بەدوای خاڵی کۆکەرەوەیەکدا دەگەڕێت.
کورد بەهۆی سەدان ساڵ بەردەوامی لە داگیرکاریی خاکەکەی، بەهۆی دابەشبوونی بەسەر چەندین دەوڵەت نەتەوەی جیاوازدا، هەروەها بەهۆی ئەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش بەردەوام کاریان لەسەر ئەوەکردووە سنوورەکانی نێوان یەکبوونی کوردان بەهێز بکەن و زۆرتر و زیاتر لێکیان دووربخەنەوە، رۆژ لەدوای رۆژ خاڵی هاوبەش و پێکەوەبەستنی کورد لاوازتر دەبوو، بەڵام ئێستا ئەو هەستی خۆبەخاوەنکردنەوەیەی مێژوو کە لە نۆڕۆژدا بەرجەستەبووە، هەموو سنوورەکانی تێکشکاندووە. بەتایبەتی لە دیاسپۆرا، کە بێجگە لە بەشداریی کوردی بەشە جیاجیاکانی کوردستان، لەیەک کاتدا کوردی خۆراسان و ئازەربایجان و ئەرمینیا و جۆرجیا و رووسیا و کرواتیا و تەنانەت کوردەکانی ئیسرائیلیش پێکەوە ئەم یادە دەکەنەوە.
ئەم هەستی پێکەوەبوونە خۆڕسکانەیە بۆ ئێستای سەردەمی بێدەوڵەتی کورد، زۆر زۆر گرنگە. ئەوەی سەلماند کە ئیرادەی کورد لە ئیرادە و توانای دەوڵەتەکان زیاترە. ئەوەی دەوڵەتانی ئێران بە پلەی یەکەم و ئینجا تورک و عەرەبەکان کردبوویان بۆ زەوتکردن و لێسەندنەوەی مافی خاوەندارێتی کورد بەسەر نەورۆزەوە، رەنجی سەد ساڵەیان وەک بەفری بەر هەتاو توایەوە. کورد بەم جۆرە بەردەوام بێت لە خۆبەخاوەنکردنەوەی ئەم یادە، زۆری دیکە ناخایێنێت تەواوی مرۆڤایەتی بەوە دەزانن نەورۆز جەژنی کوردەکانە. ئەم هەستی بەئاگاهاتنەوەیە دەبێت پەرەی پێبدرێت و تەنیا پەیوەست نەبێت بە هەستی خۆبەخاوەنزانینەوەی نۆڕۆژ (نەورۆز)ەوە. پێویستە کورد خۆی بکاتەوە بە خاوەن ئەو مێژووە شاردراوە و لێزەوتکراوەی کە دایکی شارستانییەتی ئەمڕۆی مرۆڤایەتییە، سۆمەرییەکان.
فارسەکان 10 هەزار ساڵ و عەرەبەکان 11 هەزار ساڵ و تورکەکان 12 هەزار ساڵ دوای ئێمەی کورد، هاتوونەتە ئەم ناوچەیە. پێیان شەرم نییە مێژوو و میراتی ئێمە داگیربکەن و خۆیان بکەن بە نەوە و میراتگری سۆمەرییەکان، بەڵام کورد کە هەر لە شوێنی ژیانی خۆی لەسەر نیشتمان و جوگرافیای خۆی وەک نەوەی سۆمەرییەکان ماوەتەوە و زمان و کولتوور و دابونەریتی ئەو سەردەمەی بۆ ئێستا و مرۆڤایەتی گواستووەتەوە، بە نەنگی دەزانێت پارێزگاری لەو ناسنامە راستەقینەیەی خۆی بکات و کەوتووەتە ژێر کاریگەریی مێژوویی چەواشە و حیکایەتی دەوڵەتی نەتەوە داگیرکەرەکانی ناوچەکەوە. دەبێت ئەم هەستی خۆبەخاوەنزانینەی نەورۆز کە هەستێکی خۆڕسکانەی کوردانەیە، رێگە و زەمینەخۆشکەری ئەوە بێت بمانبات بەرەو خۆ بەخاوەنکردنەوەی مێژوو، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە دامەزراوەی زانستی و هێزێکی رێکخراوی دەوڵەتی هەیە. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی نەتەوەیی کوردی، ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ