کورد چ کێشەیەکی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە؟

31-03-2025
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بۆ ئێستا، دەوڵەتانی عەرەبی و تا ئەندازەیەک جیهانی ئیسلامیش، سیاسەتێکی دووفاقی لە بەرانبەر کێشەی فەلەستین پەیڕەو دەکەن. لە لایەک بۆ گەوجاندنی کۆمەڵگاکانی خۆیان و چەواشەکردنی عەرەبەکانی فەلەستین، بە رووکەش لە سیاسەتی ئاشکرایاندا دژایەتی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە چی لە شێوەی پەیوەندی دیپلۆماسی بووبێت یان هەواڵگری، مامەڵە لەگەڵ تەلئەڤیڤ دەکەن.
 
هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە، ئەم دووفاقییە لە رەفتار و مامەڵەکردنی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی رەنگیداوەتەوە. سەرەتا کە دەوڵەتی یەهود دروستکرا، ژمارەی جووەکان زۆر کەم بوون لە وڵاتەکە، چونکە بەهۆی ناکۆکی و کێشمەکێشی سەدان ساڵەی لەوەوبەرەوە جووەکان پەڕاگەندەی وڵاتان بووبوون. دەوڵەتانی عەرەبی و بەشێک لە وڵاتە ئیسلامییە ناعەرەبەکانیش ژمارەیەکی زۆری جوویان کۆکردەوە و لە رێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە رەوانەی تەلئەڤیڤیان کردن و بوون بە بناخەی ئەم دەوڵەتە بەهێزەی ئیسرائیل لە ناوچەکە و جیهان.
 
لە دانپێدانان بە دەوڵەتەکەش، هەریەک لە تورکیا و ئێران وەک دوو جەمسەری گەورەی ئیسلامی لە رۆژهەڵات، لە ریزبەندی وڵاتە یەکەمەکانی جیهان بوون لە بەفەرمی ناسینی ئیسرائیل وەک دەوڵەتی یەهود لەسەر خاکی فەلەستین. تورکیا تائێستا و ئێرانیش تاوەکو کۆتایی شا، هاوپەیمانی ستراتیژی ئیسرائیل بوون. لە هاتنە سەر حوکمی مەلاکانیشەوە ئێران لە پەیوەندی نهێنی و هەواڵگریدا هیچ کاتێک لەگەڵ ئیسرائیل دانەبڕاوە. تەنانەت بە درێژایی هەشت ساڵی شەڕی ئێران و عێراق، دەوڵەتی ئیسرائیل سەرچاوەی دەستڕاگەیشتنی ئێران بووە بە چەکی پێشکەوتووی سەردەم.
 
لەنێو جیهانی عەرەبی و دەوڵەتە ئیسلامییە ئەفریقیەکانیشدا کامیان بە رووکەش زۆر سەرسەختر بووبێت دژی ئیسرائیل، ژێربەژێر زۆرترین رایەڵەی پەیوەندی و بەرژەوەندییان هەبووە. وا بۆ 10 ساڵێکیش دەچێت وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری ئیسرائیل، نەک هەر پەیوەندییەکی ئاسایی و ئاشکرایان هەیە، بەڵکو خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانێتی سەربازین.
 
لە عێراقیش یەکێک لە دیارترین ئەو کارەکتەرانەی کاریگەری بەسەر سیاسەتی دەوڵەتەوە هەیە، موقتەدا سەدرە. تاوەکو دوو ساڵ لەمەوبەر داوای دەکرد بە یاسا هەموو مامەڵەکردنێک لەگەڵ ئیسرائیل حەرام بکرێت. لەم مانگەدا دوو راگەیێندراوی بڵاوکردەوە، لە یەکەمیاندا داوا لە هێزە چەکدارەکانی (سەرایا سەلام) دەکات ئەگەر ئیسرائیل هێرشی کردە سەر عێراق، چەک لە دژیان بەرز نەکەنەوە. لە راگەیێندراوی دووەمیشدا کە تایبەت بوو بە بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن کە بڕیارە لە ئۆکتۆبەری 2025 ئەنجام بدرێت، بە ناڕاستەوخۆ دەڵێت عێراق بووەتە تەرەفی کێشەیەک کە دوور و نزیک پەیوەندی بە عێراقەوە نییە. لەمەشدا مەبەستی بە تەرەفبوونی عێراقە لە کێشە لەگەڵ ئیسرائیل بەهۆی جەنگی غەززەوە.
 
مەبەستم لەم نموونانەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی لە مامەڵە و پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئەوەیە پرسیاری ئەوە بکەم بۆچی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی حەڵاڵە، بەڵام بۆ ئێمەی کورد بووەتە بڤە و حەرام؟ لەکاتێکدا ئەگەر کێشە و ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل کێشەیەکی ئایینی بێت، دەبێت کورد دوا کەس بێت ببێتە تەرەف لەم کێشەیە. خۆ ئەگەر کێشەکەش کێشەی خاک بێت لەنێوان عەرەبەکانی فەلەستین و جوو، ئەوە چی پەیوەندی بە گەلی کوردەوە هەیە تاوەکو بۆ کورد بڤە بێت مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بکات؟ لەکاتێکدا کورد خۆی کێشەی داگیرکردنی نیشتمانەکەی لەگەڵ چوار دەوڵەتی ئیسلامیدایە نەک ئیسرائیل.
 
دژایەتیکردنی دەوڵەتی یەهود و دوژمنایەتیکردنی جوو، ئەرکێکی ئایینی نییە. نە خودا لە قورئان و نە پێغەمبەریش لە فەرموودەکانیدا ئەو ئەرکەیان نەخستووەتە سەر موسڵمانان. کەواتا ناکۆکی و کێشە لەگەڵ ئیسرائیل نەک ئەرکی ئایینی نییە، بەڵکوو پێچەوانەی پرەنسیپە ئایینییەکانیشە. ئەوەی پەیوەستیشە بە ناسنامە و خاوەندارێتی ئەو خاکەی دەوڵەتی یەهودی لەسەر دامەزراوە، ئێمە دادوەر نین لەو نێوەندەدا تا بەرپرسیارێتی یەکلاکردنەوەی ئەو کێشەیەمان هەبێت.
 
کەواتە چی هۆکار و پاڵنەرێک هەیە بۆ ئەوەی کورد دژی ئیسرائیل بێت؟ ئەگەر بابەتەکە پەیوەستە بە هاوسۆزی کورد بۆ گەلی فەلەستین وەک قوربانییەک، کە لە بنەڕەتەوە ئەوە بەشێکە لە خەسڵەت و نەریتی کۆنی کوردەواری کە هەمیشە لەگەڵ قوربانی بووە، بەڵام ناکاتە ئەوەی کورد هەڵوێستی لە قوربانییەکان زیاتر بێت. ئەوەتا دەبینین عەرەبەکانی فەلەستین و عەرەبی ئیسرائیل، هەروەها وڵاتانی عەرەبی هەموویان مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن.
 
بەڵام بۆ کورد نەک هەر پەیوەندی، تەنانەت گومانی پەیوەندی کورد و ئیسرائیلیش وەک جۆرێک لە تاوان تەماشا دەکرێت. بە درێژایی دەیان ساڵ باجی ئەو گومانەمان داوە. لێرەدا هەڵە یان خەتایەکە بۆ کورد خۆی دەگەڕێنمەوە کە بۆ موراعاتکردنی دڵی دوژمنەکانی هەوڵی داوە خۆی وەک نەیار و دوژمنی ئیسرائیل وێنا بکات. لەکاتێکدا هیچ کات ئەم خۆ وانیشاندانە نەبووەتە پاساو بۆ سووککردنی سزا لەسەری، بگرە بووەتە هۆکاری خۆشکردنی زەمینەی زیاتر چەوساندنەوەی کورد. چونکە ئەگەر لە واقیعدا کورد دۆستی ئیسرائیل بووایە وەک زۆرجار داگیرکەران تۆمەتبارمان دەکەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە لە ترسی ئیسرائیل کەسیان نەیاندەوێرا بەو جۆرە رەفتار لەگەڵ کورد بکەن کە لە سەد ساڵی رابردوو کردوویانە.
 
بۆیە پێویستە کورد هەڵوەستەیەک لە ئاستی ئەم پرس و هاوکێشە هەستیارەدا بکات و تەڵەسمی ترس بشکێنێت. ئازایەتی ئەوەی هەبێت ئەگەر بەرژەوەندیی کورد لەوەدا دەبینێتەوە مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بکات، پێویستە سڵ لەوە نەکاتەوە کاردانەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان چی دەبێت. بەتایبەت ئەگەر چاوی خۆمان لە ئاستی واقیع دانەخەین، بەچاوی سەر دەیبینین کە هەموو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ بەرژەوەندی خۆیان، خەریکی سەودا و مامەڵەن لەگەڵ ئیسرائیل.
 
مانگی رابردوو لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دوو پێشهاتی سیاسی گرنگ بەو ئاراستەیە روویاندا، کە جێگەی سەرنج بوون. یەکەمیان ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان. لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستێکی ئازایانەی نواند، پێشوازی لەو هەڵوێست و لێدوان و راگەیێندراوانەی بەرپرسانی ئیسرائیل کرد کە بەهۆی رووداوەکانی سووریاوە تایبەت بە مافی کورد و عەلەوی و دروزییەکان بڵاویان کردبووەوە کە پشتیوانی لە مافەکانی کورد دەکەن لە سووریا. مەزڵووم کۆبانی وەک سەرکردەیەکی ئازا تەڵەسمی ئەو ترسەی شکاند و گوێی بەوە نەدا کاردانەوەی سەلەفییە جیهادییەکانی دەسەڵاتداری سوریا چی دەبێت، باوەشی بۆ دۆستایەتی و پشتیوانی ئیسرائیل کردەوە. دوای ئەو راگەیێندراوەی مەزڵووم عەبدی، کورد گورگ نەیخوارد و دنیا ژێروژوور نەبوو.
 
بەدوای ئەم رووداوە و دوای ئەم هەڵوێستە ئازایانەی مەزڵووم عەبدی، لە پێشهاتێکی دیکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا بەشداری ئاهەنگێکی باڵوێزخانەی ئیسرائیل بوو کە تایبەت بۆ جەژنی نەورۆزی کوردان رێکیان خستبوو. هەرچەندە لە هەندێ ناوەندی عێراقی بەتایبەتی ئەوانەی لە دەوڵەتێکی دراوسێی عێراقەوە ئاراستە دەکرێن، دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبووەوە دژ بە چوونی نوێنەری حکومەتی کوردستان بۆ باڵوێزخانەی ئیسرائیل و داوای سزای سەیر و سەمەرەیان دەکرد، بەڵام هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش بە نەچوونە ژێر گوشارەکانی بەغدا لەو بارەیەوە، بێمنەتانە بوو.
 
پێویستە ئەم دوو رووداوە بکرێنە سەرەتایەکی گرنگی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ دروستکردنی پەیوەندی و مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل کە لە ئێستادا رۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوە دەبینێت لە نەخشەکێشانەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. کورد دەبێت بە کردەوە بیسەلمێنێت هیچ کێشەی لەگەڵ ئیسرائیل نییە، بە پێچەوانەوە دەتوانێت هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئیسرائیل بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە