رووداو دیجیتاڵ
پەروین بوڵدان دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان، رایگەیاند داوای دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و سەردانکردنەوەی ئیمراڵی دەکەن.
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بانەی وان، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29ـی کانوونی یەکەمی 2024) دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، دوای سەری ساڵ داواکاریی پێشکێشی پارتە سیاسییەکان دەکەن بۆ ئەنجامدانی دیدار و لەگەڵ سری سوورەیا ئۆندەر، پێکەوە سەردانی پارتە سیاسییەکان دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی، "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرپرسیاریێتی ئەنجامدانی دیداری لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، خستە ئەستۆمان و ئێمەش ئەمە دەکەین."
ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەنجامدانی دیدارەکانیان، بە ئەگەرێكی زۆرەوە لەماوەیەکی نزیکدا، جارێکی دیکە لەگەڵ ئۆندەر سەردانی ئیمراڵی دەکەنەوە.
گوتەکانی پەروین بوڵدان لەدوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی شاندەکەی دەم پارتییە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی ئیمراڵی.
شاندەکەی دەم پارتی کە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر، ئەمڕۆ راگەیێندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "تەندروستیی ئۆجەلان باشە و ورەی بەرزە."
ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە بە شاندەکەی گوتووە "ئەو پاڵپشتییەی پێویستی بێت، دەیکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ