رووداو دیجیتاڵ
رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەی شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان، شاندەکە لەسەر زاری ئۆجەلانەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەمەش خوێندنەوە و لێکدانەوەی جیاوازی میدیای تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەیووب بورچ، رۆژنامەڤان، لە پۆرتاڵی ئیلکە (İlke Tv) گۆشەیەکی نووسیوە کە تێیدا ئاماژەی بە گوتەکانی ئۆجەلان دا و گوتی: ئامانجی ئۆجەلان دروستکردنی سیستەمێکی نوێیە، پەیامەکەی ئەوەیە لەژێر کۆمارێکی هاوبەش، گەلێکی دیموکرات بنیادبنرێت.
بورچ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆجەلان مەبەستیەتی بڵێت، ''ئەو تورکیایەی 100 ساڵ لەمەوپێش دامەزرا، لەگەڵ پێکهاتەی کولتووری گونجاو نییە، هەروەها سەرچاوەیەکی سەرەکیی کێشەکانی ئەم وڵاتەیە. لەبری کۆمارێک کە بەتەنیا نەتەوەیەک، یان مەزهەبێک بە بنچینە وەربگرێت، پیشنیازی پێکهاتەیەکی دیموکراسی دەکات کە فرەیی و زۆرینەیی کۆمەڵگە قبووڵ بکات و هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت.''
ناگەهان ئاڵچی، رۆژنامەنووس لە کەناڵی هابەر تورک (Haber Türk)ـی تورکیا میوان بوو و لەبارەی گوتەکانی ئۆجەلانەوە رایگەیاند، پرۆسەی داهاتوو بەتەنیا پەیوەندیی بە حکومەتی تورکیاوە نییە، دەبێت ئۆپۆزیسیۆنیش رۆڵی تێدابگێڕیت.
ئاڵچی رووی دەمی کردە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە و گوتی، ''دەبێت بەڕێز ئۆزەل راگەیێندراو بڵاوبکاتەوە، تێیدا ئاماژە بەوە بدات بۆ دانەخرانی ئەو دەرگەیەی کراوەتەوە، ئەوانیش لە پەرلەمان بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو و پشنیازی خۆیان پێشکێش بکەن.''
نەدیم شەنەر، رۆژنامەڤان و گۆشەنووس لە گۆشەیەکیدا لە رۆژنامەی حورییەت (Hürriyet Gazetesi) لەبارەی گوتەکانی ئۆجەلان گوتی، ''لە کاتێکدا چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرا بانگەوازی چەکدانان بکات، کەچی ئەو پەرلەمانی کردە ناونیشان.''
شەنەر ئاماژەی بە پەیامی نێو قسەکانی ئۆجەلان کرد و گوتی، ''ئەو گوتەیەی لەبارەی پارتە سیاسییەکان کردی کە لە پەرلەمان رۆڵ بگێڕن، بێگومان مەبەستی ئەوەیە هەنگاو لەپێناو هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا بدرێت.''
رۆژنامەڤان، کورتوڵوش تایز، لە گۆشەیەکیدا بۆ رۆژنامەی ئاکشام (Akşam Gazetesi) ئاماژەی بەوە دا، حکومەتی تورکیا بە جۆرێک دەبینرێت ''ئامادەیە هەنگاو بۆ ئەمە بنێت کە سزای زیندانیکردن لە ماڵ بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربکات، تەنیا لەپێناو ئەوەی سەردەمێکی تیرۆر کە 40 ساڵە بەردەوامە، بەکۆتابێت.''
هەروەها گوتی ''بەڵام ئایا بەرەی ئیمراڵی-قەندیل-دەم جگە لە تیرۆر ئامادەن رێگەیەکی دیکە تاقیبکەنەوە؟ ئایا ئەمجارە لەپێناو پرۆسەیەکی نوێ، بەباشی هەڵسەنگاندن بۆ واڵابوونی ئەم دەرگەیە دەکەن؟ لە راستیدا ئیمراڵیش (ئۆجەلان) بۆ ئەوە ئامادەیە، بەڵام مێشکی قەندیل و دەم (دەم پارتی) بەجۆرێکی دیکە بیردەکاتەوە. ئەوان هێشتا متمانەیان بە هاوپەیمانیی جەهەپە-دەم و پاڵپشتیی ئیسرائیل-ئەمریکا هەیە.''
وەهاب جۆشکون، نووسەر و گۆشەنووس لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی میدیاسکۆپ (Medyascope) لەبارەی بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان کە گوتی، ''با بێت و بڵێت پەکەکە چەک دابنێت'' هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کرد.
جۆشکون گوتی، ''ئۆجەلان ئەگەر هیچ دڵنیاییەکی لەبارەی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە نەبێت و هیچ ژێرخانێکی لەبارەی ئەوەی کە دڵنیابێت پەکەکە قسەکانی ئەو بەهەند وەردەگرێت یان نا، بانگەوازێکی وەها ناکات.''
ئەو گۆشەنووسە رووی دەمی کردە تورکیا و ئاماژەی بە رۆڵی سەڵاحەدین دەمیرتاش کرد و گوتی، ''ئەگەر ئێوە (تورکیا) دەتانەوێت بەردەوامیی بە پرۆسەکە بدەن، بە تەنیا قسەکردن لەگەڵ ئۆجەلان دروست نییە، پێویستە لەگەڵ قەندیلیش قسەبکەن، پێویستە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشیش قسەبکەن، بە تەنیا ئەوەی کە بڵێیت با ئۆجەلان بێت و قسە بکات، ئەمە هیچی لێ بەرهەم نایەت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ