سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە بەرپرسانی ئیسرائیل پەیوەندییان بە ئەردۆغانەوە کردبێت

30-12-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست (DMM) کە سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، ئیسرائیل هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەکردووە.
 
دوای ئەوەی لە چەند کەناڵ و دامەزراوەیەکی میدیایی بڵاوکرایەوە کە گوایە رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتوویەتی، بەرپرسانی ئیسرائیلی پەیوەندییان پێیەوە کردووە، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 30-12-2024، هەواڵەکەی بە نادروست لە قەڵەمدا.
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست (DMM) رایگەیاندووە: "ئەو بانگەشەیە لە میدیای ئیسرائیلدا بڵاوکراوەتەوە و باس لەوە کراوە گوایە بەرپرسانی ئەوێ پەیوەندییان بە رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە کردووە. بەشێک لە میدیای خۆجێی تورکیاش ئەو هەواڵە ناڕاستەیان بە جۆرێکی دیکە بەلاڕێدا بردووە و تەنانەت بڵاویانکردووەتەوە کە گوایە ئەردۆغان پەیوەندیی بە بەرپرسانی ئیسرائیلەوە کردووە".
 
بە گوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: "لە ئەنجامی سیاسەتی کۆمەڵکوژی لە غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا بە تەواوی پچڕاون. لەوکاتەوەش تائێستا هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نەنراوە. تورکیا بەردەوام لە پاڵ خەڵکی ستەمدیدەی فەڵەستین دەبێت".
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا هەروەها داوای لە هاووڵاتیانی کردووە کە پشت بە هەواڵی نادروست و پشتڕاستنەکراوە نەبەستن.  
 
چی لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا روویدا؟
 
پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و ئۆرشەلیم لە ساڵی 2008ـەوە گرژییان تێکەوت، ئەوەش بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. 
 
ساڵی 2010 کاتێک سەربازانی ئیسرائیلی هەڵیانکوتایە سەر کەشتییەکی تورکیا کە بەنیازبوو گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و بە گوتەی بەرپرسانی تورکیا، هاوکاری بگەیێنێتە فەڵەستینییەکان، پەیوەندییەکانیان خراپتر بوون.
 
ساڵی 2016 بۆ 2018، نیمچە ئاساییبوونەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل روویدا، بەڵام دوای کوژرانی زیاتر لە 200 خۆپێشاندەری فەڵەستینی جارێکی دیکە گرژی دروستبوو. 
 
تەممووزی 2021 دوای دەستبەکاربوونی ئیسحاق هێرزۆگ وەکو سەرۆکی نوێی ئیسرائیل، جارێکی دیکە پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەستیپێکرد. 
 
سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکانی ئیسرائیل و تورکیا، لە بواری بازرگانیدا پەیوەندییان هەر بەهێز بوون و تورکیاش وڵاتێکی لەبار بووە بۆ گەشتیارانی ئیسرائیلی. ئەمە لەکاتێکدایە ئێستا بەرپرسانی تورکیا ئەم پەیوەندییانە رەتدەکەنەوە.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، تورکیا چەندینجار ئیسرائیلی بە تاوانی جەنگ لە غەززە تۆمەتبار کردووە. 
 
لە ئایاری ئەم ساڵدا تورکیا وەکو ناڕەزایی لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر غەززە، هەموو جۆرە بازرگانییەکی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت.
 
لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هاوردەکردنی هەموو کاڵایەکی لە تورکیاوە قەدەخە کرد.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە