تورکیا
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی: گونجاوترین مانگەکان بۆ هەڵبژاردن مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمن
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەڵێت، دەکرێت هەڵبژاردنی ساڵی 2028 ساڵێک زووتر بکرێت.
مستەفا ئەلیتاش، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی شەوی رابردوو لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی، سەبارەت بە بانگەوازی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا قسەی کرد.
ئەلیتاش گوتی "گەل، لەنێوان 14-28ـی ئایاری رابردوو، بۆ پێنج ساڵ دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی تورکیای پێداین. تاوەکو کۆتایی ئەو دەسەڵاتە بەکاردەهێنین. هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت، بەڵام دەکرێت هەڵبژاردنێکی زووتر بکرێت. رەنگە وادەی هەڵبژاردن هەفتەیەک پێش 14ـی ئایاری داهاتوو دیاری بکرێت."
ئەلیتاش ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر جەهەپە بیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، پێویستە بە فەرمی پێشنیاز بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پێشنیازێکی نەکردووە.
ئەلیتاش سەبارەت بە بەربژێرکردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار خۆی بەربژێر بکاتەوە، دەبێت پەرلەمانی تورکیا بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن بدات. بەگوێرەی دەستوور، ئەگەر پەرلەمان لە خولی دووەمی سەرۆککۆماردا بڕیاری نوێکردنەوەی هەڵبژاردن بدات، ئەو کاتە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە. بۆ ئەمەش پێویستی بە دەنگی 360 پەرلەمانتار هەیە."
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی گوتی، گونجاوترین مانگەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمە و دەکرێت هەڵبژاردنی ساڵی 2028 لە تشرینی دووەمی 2027 ئەنجام بدرێت.
لە ئایاری 2023ـدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەچوو و تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرایەوە و ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانیشی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ