ئەردۆغان لەبارەی ئامانجی سەرەکییان لە ساڵی نوێ: بەرەی نێوخۆ بەهێز دەکەین

31-12-2024
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا بەبۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە چەند پرسێکی نێوخۆیی و ناوچەکە دا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 31-12-2024، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: ''لە ساڵی 2024 لە وڵاتەکەمان و ناوچەکەدا گەواهیدەری زۆر رووداو بووین''.
 
ئەردۆغان سەبارەت بە دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکەی رایگەیاند: ''لە کاتێکدا لەودیوی سنوورەکانمان چالاکییە دیپلۆماسییەکانمان جێبەجێ دەکەین، بۆ وڵاتی خۆشمان گرنگترین رۆژەڤ، بێگومان بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆییە. رژدین لەسەر ئەوەی سەت ساڵەی تورکیا بکەین بە سەت ساڵەی برایەتی''.
 
ئەردۆغان گوتیشی: ''لە ساڵی داهاتووماندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجی 'تورکیایەکی بێ تیرۆر و ناوچەیەکی بێ تیرۆر' هەنگاوی تەواو دەنێین''.
 
هەر لەبارەی دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکەی، ئەردۆغان گوتی: ''رێگەیەکی نوێ لە بەردەم وڵاتەکەمان دەکرێتەوە. هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ تاوەکو ئەم پڕۆسەیە بە ئاسانی، لێکتێگەیشتن و بە نیازپاکیی هەردوولا بەڕێوەبچێت''.
 
ئەردۆغان لەبارەی دۆخی سووریاوە دەڵێت: ''لە دوایین هەفتەکانی ساڵی 2024دا تروسکاییەک بۆ سەردەمی نوێ لە سووریا کە پەیوەندیی مێژوویی، مرۆیی و دراوسێتیی ریشەییمان لەگەڵیان هەیە، دەرکەوت. بۆ ئەوەی لە سەردەمی نوێی سووریادا ئاشتیی هەمیشەیی، ئاسوودەیی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی ئابووری بەرقەرار بێت، هەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکێش دەکەین''.
 
چارەنووسی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا پرسێکی دیکە بوو کە ئەردۆغان لەبارەیەوە قسەی کرد و گوتی: ''تاوەکو لە سووریا ژینگەی سەقامگیریی زیاتر ریشە دابکوتێت، گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانی سووریاش کە 13 ساڵە لە پەرۆشی نیشتیماندان، ئاسانتر دەبێت''. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرسی غەززەوە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهێزترین هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو ''کۆمەڵکوژییەی'' لە غەززە کراوە نیشانداوە و گوتی: ''هەوڵی زۆر دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆمەڵکوژییەی 15 مانگە لە غەززە و فەلەستین بەردەوامە''.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیفی ژمارەیەک پزیشکی خێزانی کە لە ئەنقەرە مانیان گرتووە.

پزیشکانی خێزانی لە تورکیا مان دەگرن

رێکخراوە پیشەییەکانی پزیشکی خێزانی لە تورکیا دەڵێن، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی پارێزگاکان بێ ئەنجام بووە، بەو هۆیەوە لە رۆژانی 6-10ـی ئەم مانگە بە پاڵپشتی کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیا مان دەگرن و هەنگا و هەنگاو دەست لە کار هەڵدەگرن.