رووداو دیجیتاڵ
ناونیشانی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی سیاسی لە تورکیا، لە پەیامی سیاسەتڤانانی تورکیا تایبەت بە سەری ساڵی نوێ رەنگی دایەوە و پرسی کوردیش بەشێک بوو لە قسەکانیان.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامی ساڵی نوێدا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن 100 ساڵەی برایەتی لە تورکیا دەستپێبکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد، "هەنگاوی پێداگرانە دەنێین بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا دیدگەی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر و ناوچەیەکی دوور لە تیرۆر، بکەینە راستەقینە. هەموو جۆرە هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە نوێیە کە رێگەیەکی نوێیە، بە سانایی، نیازپاکیی دوولایەنە و تێگەیشتن بەڕێوەبچێت".
پەیامی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە هەمان شێوە ئاشتیخوازانەیە و داوای لێکتێگەیشتنی لایەنەکان بەتایبەت لەسەر پرسی کورد دەکەن.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە بەشێکی پەیامەکەیاندا دەڵێن: "لە هەر دۆخێکدا بە بایەخەوە لە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەڕوانین، لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی کورد. بەردەوام دەبین لەوەی ببینە دەنگی چەوساوە، ژن، گەنج و رەنجدەران. ساڵی 2025 دەکەین بە ساڵی هیوا و ئاشتی".
یاشاری گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیاش سەردانی فڕگەیەکی کرد لە شاری ئێلیهی باکووری کوردستان و لەوێ پەیامی ساڵی نوێی نارد.
یاشار گولەر ئاماژەی بەوەدا، "تاوەکو ئاسایشی سنوورەکانمان بەتەواوی بەرقەرار دەبێت، هەوڵەکانمان دژی تیرۆر بەردەوام دەبن. تاکە رێگەی تیرۆریستان، دەستبەجێ دانانی چەکەکانیان و خۆ رادەستکردنیانە بە دادی تورکیا''.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش داوای کرد، سیاسەتڤانانی تورکیا تەنیا قسە نەکەن و گوتەکانیان بکەنە کردار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ