رووداو دیجیتاڵ
شاندەکەی دەم پارتی کە سەردانی عەبدوڵڵا ئوجەلانیان کرد لە زیندانی ئیمراڵی، دەڵێن جارێ ناتوانن لێدوان بۆ راگەیاندنەکان بدەن، جەختیش دەکەنەوە لەوەی "ئێستا لە هەموو جارێک بەهیواترین."
پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر لە راگەیێندراوێکدا کە دەم پارتی ئەمڕۆ (دووشەممە، 30-12-2024) بڵاویکردووەتەوە دەڵێن "بەهۆی هەستیاریی پرۆسەکە، تاوەکو دەگەینە ئاستێکی زۆرباش، ناتوانین لێدوان بۆ میدیا بدەین."
ئەوان رەتیدەکەنەوە ئەو بڕیارەیان بە واتای شاردنەوەی زانیاری بێت و دەڵێن، "بەپێچەوانەوە پێویستییەکی رێزگرتنە لەو دانوستاندنانەی، دەیانکەین."
بوڵدان و ئۆندەر، تەنیا یەک رستەیان لەبارەی چاوپێکەوتنەکەیان ئاشکرا کرد و دەڵێن "ئەگەر تەنیا یەک رستە بڵێین، دەتوانین بڵێین زۆر لە پرۆسەکانی پێشوو بەهیواترین. لە ساڵی نوێدا وەک شاند راگەیێندراوێکی هەمەلایەنە پێشکەش دەکەین."
شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی شەممە (28-12-2024) لە گرتووخانەی ئیمرالی دیداریان هەبوو، کە لە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ بۆ زیاتر لە 5 کاژێر بەردەوام بوو.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تەمەنی 75 ساڵە و چارەکە سەدەیەکە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیرکراوە.
ئۆجەلان لە 15ـی شوباتی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای دادگاییکردنی، رۆژی 29ـی حوزەیرانی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی سزای لەسێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو.
شاندەکەی دەم پارتی، دوای گەڕانەوەیان رۆژی یەکشەممە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بەمشێوەیە باس کرد "لە کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا، ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەریی ئەرێنیی پێشکێشکرد و دەڵێت، چوارچێوەی گشتیی بیرۆکە و روانگەکانی بەم شێوەیەیە:
- بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد - تورک بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە.
- بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیەی ئێستا هەیە، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بێ گوێدانە مامەڵە تەسک و سەردەمییەکان دەستپێشخەری بکەن، بنیادنەرانە مامەڵە بکەن و پاڵپشتیی ئەرێنی پێشکێشبکەن. بێگومان یەکێك لە گرنگترین زەوینەکانی ئەم پەڵپشتییە بریتییە لە پەرلەمان.
- رووداوەکانی غەززە و سووریا نیشانیاندا؛ نابێت بە دەستوەردانی دەرەکی کە هەوڵی ئەوە دەدات چارەسەری ئەو کێشەیە قووڵتر بکاتەوە، دوابخرێت. بۆ هەوڵدان لەپێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەمە، پاڵپشتی و پێشنیازەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
- منیش بە مانایەکی ئەرێنی، مکوڕم لەوەی ئەو پاڵپشتییەی پێویست بێت، پێشکێشی ئەو هەڵوێستەی بەڕێز باخچەلی و بەڕێز ئەردۆغانی بکەم.
- شاندەکە ئەم هەڵوێستەمان لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان بەش دەکات. لە ژێر رۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم ئەو هەنگاوە ئەرێنییەی پێویستە، بینێم و ئەو بانگەوازەشی پێویستە، بیکەم.
- هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەبەنە ئەو ئاستەی شایەنییەتی و لە هەمان کاتیشدا لەپێناوی وەچەرخانی دیموکراسیدا دەبێتە رێنیشاندەرێکی زۆر بایەخدار.
- سەردەم، سەردەمی برایەتی، دیموکراسی و ئاشتییە لەپێناو تورکیا و ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ