سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا: کۆرسی فێرکردنی قورئان بۆ منداڵانی تەمەن 4-6 ساڵ دەکەینەوە

29-07-2022
هەوار ئیسماعیل
عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا
عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا
A+ A-

رووداو-هەولێر

لە تورکیا و باکووری کوردستان کۆرسی فێرکردنی قورئان بۆ منداڵانی تەمەن 4-6 ساڵ دەکرێتەوە. سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت منداڵەکانمان فێری خۆشەویستی، رێز و راستگۆیی بکەین بەر لەوەی تەمەنیان بگاتە حەوت ساڵ. 
 
عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 29-07-2022 سەردانی پارێزگای شرناخی باکووری کوردستانی کرد، ئەوەش بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کەسایەتیی ئایینی و نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییەکان و کردنەوەی کۆرسێکی فێربوونی قورئان. 
 
ئەرباش دوای ئەوەی نوێژی هەینی لە مزگەوتێکی شارۆچکەی سلۆپی کرد، لەگەڵ کەسایەتیی ئایینی و نوێنەرانی رێکخراوە ناحکومییە جیاوازەکان کۆبووەوە و لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، کۆرسی فێرکردنی قورئانی بۆ منداڵانی تەمەن 4-6 ساڵ دەکەنەوە بۆ ئەوەی منداڵان بەر لەوەی تەمەنیان بگاتە حەوت ساڵ، فێری خۆشەویستی، رێز و راستگۆیی بکرێن.  
 
عەلی ئەرباش گوتی، "بە پشتیوانی خودا، هەتا منداڵان زیاتر بێنە ئەو پۆلانە، داهاتوومان گەشتر دەبێت". 
 
ئەم گوتانەی عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری بەدواداهات و رەخنەی لێ گیرا. 
 
لە بیستەمین شورای پەروەردەی نیشتمانیی تورکیادا کە لە سەرەتای کانوونی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو، بە زۆرینەی دەنگ پەروەردەی ئایینی بۆ منداڵانی تەمەن 4-6 ساڵ لە قۆناخی باخچەی ساوایان کرایە ناچاری. 
 
سەندیکای پەروەردەی تورکیا سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و رایگەیاند، بە هەر پاساوێک بێت، بە ناچاریکردنی پەروەردەی ئایینی بۆ منداڵانی تەمەن 4-6 ساڵ لە قۆناخی باخچەی ساوایاندا، پێچەوانەی بنەما سەرەکییەکانی پەیماننامەی مافی منداڵە و بە هەموو هێزی خۆیانەوە لە دژی دەوەستنەوە. 
 
بیستەمین شوورای پەروەردەی نیشتمانیی تورکیا دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ لە رۆژانی 1-3ی کانوونی یەکەمی 2021 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی شووراکەدا ئامادەبوو. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی: دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلوور دەڵێت، دەسەڵات لە رێگەی دادگەوە رەوایی بە سیاسەتی خۆسەپێنیی قەییووم دەدات