گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی هەواڵی 13 داواکاریی شاندەکەی لە دەسەڵات روونکردنەوە دەدات

12-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پێشکێشکردنی 13 داواکاری بە سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "ئەو هەواڵانەی گوایە شاندەکەمان لیستێکی داواکاری پێشکێش کردووە، راست نییە."
 
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رۆژی 12ی نیسانی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە چۆنێتیی بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە گفتوگۆیان کرد و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیێندراوێکی نووسراویان بڵاوکردەوە."
 
ئەو گوتانەی دۆغان لە کاتێکدان، بەشێک لە میدیاکانی نزیک لە جەهەپە لەبارەی کۆبوونەوەکەی دەم پارتی و ئەردۆغان رایانگەیاند، دەم پارتی 13 داواکاری لە حکومەتی تورکیا هەبووە کە ئەمانەن:
 
1- گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و دڵنیایی لە ئازادیی پەیوەندییەکانی بدرێت.
 
2- دەرکردنی یاسایەکی تایبەت لەبارەی چەکدانانی پەکەکە.
 
3- هاووڵاتییبوونی یەکسان و ئازاد لە تورکیادا هەبێت.
 
4- پرۆژەیاسای ئاشتی و وەچەرخانی دیموکراسی ئامادەبکرێت.
 
5- زیندانییانی نەخۆش ئازادبکرێن.
 
6- لیژنەیەکی تایبەت بۆ پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان پێکبهێندرێت.
 
7- پێویستە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان کۆببێتەوە و یاداشتێکی سازان ئامادە بکات.
 
8- کۆتایی بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان بهێندرێت.
 
9- سەرۆکشارەوانییەکان لە گرتووخانەکان ئازادبکرێن و بگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانیان.
 
10- پێویستە پرۆژە یاساکان لەبارەی مافی هیواوە بخرێنە رۆژەڤ.
 
11- بەربەستەکانی بەردەم ئازادی بەڕێکخراوەییبوون، هەڵبگیرێن.
 
12- ئەو یاسایەی ئێستا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرکارە، بگۆڕدرێت.
 
13- بڕیارەکانی دادگەی باڵای دەستوور و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێبکرێت.
 
گوتەبێژی دەم پارتی باسی لەوە کرد، لە هەندێک لە میدیاکاندا "لیستێکی داواکاریی 13 خاڵی" بڵاوکراوەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی لەو بارەوە باس دەکرێت "راست نییە."
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، رۆژی پێنجشەممە، 10ی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە شێوەیەکی ئەرێنی و بنیادنەرانە بەڕێوەچوو."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە