رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت، لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، پرۆسەی چارەسەر بەتەواوی سەردەکەوێت. هەروەها لەبارەی سەردانەکانیان بۆ گرتووخانەی ئیمراڵی دەڵێت، ''بەڕێز ئۆجەلان بە ئێمەی گوت، 'دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، تێگەیشتم؛ جگە لە ئاشتی و ماڵئاواییکردن لە چەک، رێگەچارەیەکی دیکە نییە'."
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، رۆژی شەممە، 12ـی نیسانی 2025، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێک بە ناونیشانی (چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد؛ ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان) گوتارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەر پێشکێشکرد و بەشێکیشی تایبەت کرد بە نێوەڕۆکی سەردانەکانی شاندەکەی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
لە کۆنفرانسەکەدا، جگە لە پەروین بوڵدان، هەریەکە لە عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان بەشدار بوون.
"چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران، پرۆسەی چارەسەر بەتەواوی سەربکەوێت"
پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران، پرۆسەی چارەسەر بەتەواوی سەربکەوێت، ''ئەمە لە روانگەی بەڕێز ئۆجەلانیش بەمشێوەیەیە، لە روانگەی بەرپرسانی وڵاتیش بەمشێوەیەیە''.
بوڵدان لەبارەی هەرسێ سەردانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی باسی لەوە کرد، ئۆجەلان زیاتر جەختی لەسەر سێ بابەت دەکردەوە؛ ئەوانیش، "ئاشتی، هاوپەیمانی کورد و تورک، بەدیموکراسیبوونی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست''.
بە گوتەی پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئۆجەلان بە شاندی ئیمراڵی گوتووە، دەبێت برایەتیی کورد و تورک بەهێز بکرێتەوە، هەروەها باسی لەوەش کردووە، ''کوردەکان بە رادەی ئەوەی خۆیان خۆشدەوێت، دەبێت تورکیشیان بە هەمان رادە خۆشبوێت، چونکە ئێمە براین''.
بە گوتەی پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە سەردانی یەکەمی شاندەکە بۆ ئیمراڵی، ئۆجەلان بە شاندەکەی گوتووە، ''لە دوایین 20 بۆ 25 ساڵمدا، دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، تیگەیشتم ئیدی بە چەک و شەڕ و پێکدادان ئەم پرسە چارەسەر ناکرێت. تێگەیشتم جگە لە ئاشتی و ماڵئاواییکردن لە چەک، هیچ رێگەچارەیەکی دیکەمان نییە.''
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی نەورۆزی ئەمساڵەوە هیچ پەیامێکی بڵاونەکردەوە. بوڵدان لەمبارەیەوە دەڵێت، لەڕێگەی بەرپرسانی حکومەتی تورکیا داوایان لە ئۆجەلان کردووە پەیامێک لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوبکاتەوە. بەرپرسانی حکومەتی تورکیا لە وەڵامدا لەسەر زاری ئۆجەلان گوتوویانە، ''نیگەران و دوودڵم لەوەی، ئەگەر پەیامێک لەبارەی نەورۆز بڵاوبکەمەوە، کەمتر بایەخ بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات (بانگەوازی چەکدادان) بدرێت''.
"پێشنیاز و بۆچوونی بارزانی و تاڵەبانییەکان زۆر بایەخدارن''
سەبارەت بە سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستان، بوڵدان دەڵێت، لەسەر داوای ئۆجەلان بووە و بە ئێمەی گوتووە، ''پێشنیاز و بۆچوونەکانی بارزانی و تاڵەبانییەکان لەبارەی پرۆسەکە زۆر بایەخدارن''.
لەبارەی نووسراوی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە دەزانین کە لایەنانی پەیوەندیداری دەوڵەت لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان یەکتریان بینیوە. ئێمە دەزانین کە ئەو بانگەوازە بە بۆچوونێکی هاوبەش و هاوئاهەنگی نووسراوە، واتە ئەو بانگەوازە بە تەنیا بەڕێز ئۆجەلان نەینووسیوە''.
بە گوتەی پەروین بوڵدان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ''سەرسام'' بووە و گوتوویەتی، ''ئەگەر لە تورکیا دەوڵەت باخچەلی گۆڕابێت، هەمووان ئەگەری گۆڕانیان هەیە''.
پەرلەمانتاری دەم پارتی دەڵێت، لە یەکەمین سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ گرتووخانەی ئیمراڵی، ئۆجەلان ئامادەکاری بۆ بانگەوازەکە کردووە و بە شاندەکەی گوتووە، ''بۆ بەجێگەیاندنی ئەم بانگەوازەکە، ئەرکێک بە ئێوە دەسپێرم. شوێنی چارەسەری پرسی کورد، پەرلەمانە. بڕۆن لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆببنەوە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ