سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەبارەی داواکاریی شاندی دەم پارتی روونکردنەوە دەدات

12-04-2025
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست کە سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە، رەتیدەکاتەوە شاندی دەم پارتی 13 داواکاری ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کردبێت.

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 12-4-2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو هەواڵانە راست نین کە لەلایەن بەشێک لە میدیاکانەوە بڵاوکراونەتەوە گوایە شاندەکەی دەم پارتی 13 داواکاری ئاراستەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە.
 
لە ئێکسەکەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست هاتووە: "ئەو بانگەشەی لەبارەی لیستێکی داواکاریی شاندی دەم پارتی بۆ بەڕێز سەرۆککۆمارمان رەجەب تەیب ئەردۆغان بڵاوکراوەتەوە، بێ بنەمایە. شاندەکەی دەم پارتی لەدوای پێشوازیکرانیان لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارمان راگەیێندراوی بڵاوکردەوە کە بە هەمان شێوە باسی لە لیستێکی لەمجۆرە نەکردووە".
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی ناڕاست هەروەها دەڵێت: "لە هەنگاوەکانی دەوڵەت لەمەڕ 'تورکیای بێ تیرۆر'دا هیچ مامەڵەیەک جێی باس نییە".
 
هەروەها باس لە بوونی هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەکە دەکات و داوا لە خەڵک دەکات، "پشت بەو هەواڵە بێ بنەمایانە نەبەستن".
 
هاوکات لەگەڵ راگەیێندراوەکە، هەواڵێکی رۆژنامەی سۆزجو کە نزیکە لە ئۆپۆزیسیۆنە وەک هەواڵی ناڕاست دانراوە. لە تەنیشتیشیدا راگەیێندراوی ئایشە گول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی وەک هەواڵە راستەکە دانراوە کە باسی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و شاندی دەم پارتی دەکات و ئاماژە بە هیچ لیستێکی داواکاری ناکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە