رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە کەسوکار و هاوپیشەکانی رۆژنامەڤان مەردان یانارداخ لە ئیستەنبووڵ لەبەردەم دادگە گردبوونەوە. ئەوان ناڕەزاییان بەرامبەر دادگەییکردنی ئەو رۆژنامەڤانە دەربڕی و داوای دادپەروەری و ئازادکردنی دەکەن.
ئەو رۆژنامەڤانە یەکشەممەی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کردبوو گۆشەگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندان، یاسایی نییە.
داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی "پەسندانی تاوان و تاوانبار و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆر" بڕیاری دەستگیرکردن و دادگەییکردنی دا.
کاتێک پۆلیس چوون بۆ دەستگیرکردنی، مەردان یانارداخ لە پەخشی راستەوخۆدا بەرنامەی پێشکێش دەکرد و گوتی "بینەرانی بەهادار، هاوڕێکانم لە گوێمدا گوتیان. پۆلیس هاتوون، پێموایە ئاگادارکردنەوەیەک سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکە دەکەن. لە خوارەوە چاوەڕێن. دوای دەرچوون لە بەرنامەکە، ئاگادارکردنەوەکەیان وەردەگرین یان دەزانین بۆچی هاتوون".
دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەڤانە، کاردانەوەی جیاوازی بەدواداهات. هاوسەرۆکانی هەدەپە بە راگەیێندراوێك سەرکۆنەیان کرد.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپەش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسی "مایەی شەرمەزارییە بۆ وڵاتەکەمان، کە رۆژنامەڤان مەردان یانارداخ لەسەر بەشێک لە گوتارەکەی دەستگیرکرا، کە تێیدا بیری هێنایەوە حکومەت چی کردووە و بۆچی. پێویستە دەستبەجێ ئەم هەڵەیە راست بکرێتەوە و مەردان یانارداخ ئازاد بکرێت".
بەڵام دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە (27-6-2023) لەسەر ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی جەهەپە، وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە و کاردانەوەی تووندی نیشاندا و گوتی "ئەو بابەتە لە رۆژەڤی ئێمەدا نییە. خیانەت ئازاد نییە".
مەردان یانارداخ رۆژی سێشەممە بە بڕیاری دادگە زیندانیکرا. لە دانیشتنەکەی دادگەدا تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و پارێزەرەکەشی دەڵێ، گوتەی بریکارەکەی مۆنتاژکراون و تانە لە بڕیارەکەی دادگە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ