وەزارەتی وزەی تورکیا شاندێک دەنێرێتە دیمەشق

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی وزەی تورکیا ئەمڕۆ سەردانی دیمەشقی کرد بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆیان، "لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ خەڵکی سووریا یارمەتیدەر بن."
 
ئالپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی ئاکپارتی لە شاری نەڤشەهیر گوتی "تیمێکی وەزارەتی وزەمان بەرەو دیمەشق بەڕێوەیە. ئێمە پێداویستییەکانی ژێرخان، وزە و کارەبای سووریا دەستنیشاندەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی سووریاییەکان سوود لەم خزمەتگوزارییانە دەبینن."
 
نزیکەی سێ ملیۆن پەنابەری سووریایی لە تورکیا نیشتەجێن کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە روویان کردووەتە ئەو وڵاتە. 
 
کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ـی کانوونی دووەم، هیوای گەڕانەوەی بۆ پەنابەرانی سووریایی لە تورکیاوە بۆ وڵاتەکەیان زیاد کردووە، کە بەپێی بەرپرسانی تورکیا، نزیکەی 31 هەزار سووریایی لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
 
بایراکتار گوتی "ئێمە خوشک و برا سوورییەکانمان لەخۆگرت. تورکیا لەبەرەی راستی مێژوو بوو. ئاگرێک لە ماڵی دراوسێکەماندا هەبوو. ئێستا بە پشتیوانیی خودا، ئێمە وەک تورکیا، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ماڵی دراوسێکەمان بونیادبنێینەوە."
 
وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو وێرانکارییەی تووشی بووە، سووریا پێویستی بە کاری زۆرە. گوتیشی: "زۆر گرنگە سووریا هەستێنینەوە سەر پێی خۆی."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە