رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپرسییەکانی سێ کۆمپانیا لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، بەربژێرانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ شارەوانییەکانی پێنج گەورە شارەوانیی تورکیا لەپێشن.
لە تورکیا و باکووری کوردستان تەنیا 12 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە لە 31ی ئاداردا دەکرێت، کۆمپانیاکانی راپرسییش سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ئەنجامی راپرسییەکانیانن.
بەپێی راپرسییەکانی کۆمپانیاکانی توێژینەوەی ئارەئا- AREA، ئارتیبیر-Artibir و پیئار- PIAR، لە گەورەشارەکانی ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، ئەنقەرە، ئادانا و مێرسین، بەربژێرەکانی جەهەپە لەپێشەوەن و لە ئایدنیش بەربژێری ئاکپارتی لەپێشە.
بەگوێرەی ئەو راپرسییەی کۆمپانیای توێژینەوەی ئارتیبیر کە لەنێوان 4-8ی ئاداردا لە ئیستەنبووڵ بە بەشداری دوو هەزار کەس کراوە، رێژەی دەنگەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری جەهەپە 38.2%ـە و رێژەی دەنگەکانی موراد کوروم بەبژێری ئاکپارتی 35.7%ـە. لە راپرسییەکەدا رێژەی دەنگدەرانی دەم پارتی 4.8%ـە و رێژەی ئەو کەسانەی بڕیاریان نەداوە 10.3%ـە.
بەگوێرەی ئەو راپرسییەی کۆمپانیای توێژینەوەی ئارەئا لەنێوان 10-15ـی ئاداردا لە ئەنقەرە بە بەشداریی 4405 کەس کردوویەتی، رێژەی دەنگەکانی مەنسور یاڤاش بەربژێری جەهەپە 59.1% و تورگوت ئاڵتنئۆک، بەربژێری ئاکپارتی 30.3% و رێژەی دەنگەکانی پارتی سەرلەنوێ رفاهـ 4.2% و دەم پارتی1.2%ـە.
هەروەها بەپێی راپرسیی کۆمپانیای ئارەئا بە بەشداری سێ هەزار و سێ کەس لە نێوان 7-13ـی ئاداردا لە ئادانا کراوە، رێژەی دەنگەکانی بەربژێرەکەی جەهەپە 47.1% و رێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی 33.4%ـە، هەروەها رێژەی دەنگەکانی دەم پارتی 4.1%ـە.
بەگوێرەی ئەو راپرسییەی هەمان کۆمپانیا لە مێرسین لە نێوان 5-10ـی ئاداردا بە بەشداری 3054 کەس کراوە، رێژەی دەنگەکانی بەربژێرەکەی جەهەپە 59.6% و رێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی 35.3% و دەم پارتی 2.6%ـە.
لە دوو راپرسی دیکەدا کە لەلایەن کۆمپانیای توێژینەوەی پیئار لە گەورەشارەکانی ئایدن و ئیزمیر کراون، لە ئایدن رێژەی دەنگی بەربژێرەکەی ئاکپارتی 43.1%ـە و رێژەی دەنگی بەربژێرەکەی جەهەپە 40.5%ـە و رێژەی دەنگی بەربژێری دەم پارتی 3.9%ـە.
بەگوێرەی ئەنجامی راپرسی ئەو کۆمانیایە لە ئیزمیر رێژەی دەنگی بەربژێرەکەی جەهەپە 50.4%ـە و رێژەی دەنگی بەربژێرەکەی ئاکپارتی 37.5%ـە و رێژەی دەنگی بەربژێری دەم پارتی 5.2%ـە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ