لە تورکیا شەش کۆمپانیا بەهۆی فرۆشتنی گۆشتی کەر سزادران

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لیستی ئەو کۆمپانیایانەی خۆراکی نوێکردەوە کە گۆشتی کەر و ئەسپ بە خەڵک دەفرۆشن. لە لیستەکەدا شەش کۆمپانیا زیادکران.
 
دوای ئەوەی ژمارەیەکی نائاسایی خەڵک بەهۆی خواردنی چەند بەرهەمێکی دیاریکراوەوە تووشی ژانی گەدە بوون، حکومەتی تورکیا دەستی بە بەدواداچوون کرد. 
 
بەگوێرەی راپۆرتی حکومەت دەرکەوتووە ئەو کۆمپانیایانە لەبری گۆشتی سوور، گۆشتی کەر و ئەسپیان بەکارهێناوە. 
 
ئەو گۆشتە رێپێنەدراوە بەتایبەتی لە سجوق، ساڵام، دۆنەر، تانتونی، کوبە و چەند جۆرە بەرهەمێکی دیکەی خۆراکیی خێرادا بەکارهێنراوە. 
 
لەدوای بەدواداچوون و داخستنی ئەو کۆمپانیایانە، وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان رۆژی 11-3-2025 لیستێکی نوێی بڵاوکردەوە کە ناوی چەند کۆمپانیایەکی تێدا بوو.
 
یۆروکئۆغڵو، ئەرتورک، بۆڵات، وەن تات، باشئۆغڵو و تاندۆغان ئەو کۆمپانیا و براندانەن کە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیاوە کارەکانیان وەستێندراوە و لێپێچینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێکردووە. پێشتریش هەشت کۆمپانیا بە هەمان هۆکار سزادراون.
 
پێشتر چی روویدابوو؟
 
رۆژی 23-12-2024 وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە پارێزگاکانی ئەدەنە، ئەنتاڵیا و مێرسین زۆرترین گۆشتی کەر و ئەسپ لەبری گۆشتی مەڕ و مانگا بە خەڵک دراوە. 
 
دواتر حکومەتی تورکیا چەند شوێنێکی داخستن و سزای مادی دان.
 
ئەو بابەتە خەڵکی تورکیای هێناوەتە دەنگ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنەی زۆر لەو کەسانە دەگیرێت کە ئەو کارەیان کردووە، هاوکات داوا لە حکومەت دەکرێت ئەو کەسانە سزا بدات.
 
ئەوەی پسپۆران لەمبارەیەوە باسی لێوە دەکەن، ژمارەیەک نەخۆشییە کە لەڕێی ئەو جۆرە گۆشتانەوە بڵاودەبێتەوە. لە هەمووشیان دیارتر نەخۆشیی نیماتۆدا (کرمی ئەڵقەیی)ــە.
 
نەخۆشیی نیماتۆدا چییە؟
 
کرمی ئەڵقەیی یاخود نیماتۆدا، یەکێکە لە کرمە مشەخۆرەکان کە تووشی ریخۆڵەی مرۆڤ دەبێت و چەندین کێشەی تەندروستی لە جەستەدا دروست دەکات.
 
توێژەران پێیانوایە 500 هەزار جۆری هەیە و تەنیا 60 جۆریان دەبنە هۆی دروستبوونی نەخۆشی لە مرۆڤ و ئاژەڵدا، چونکە ئەو جۆرانە دەتوانن لە رێگەی دەم یاخود بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پیسایی و خۆڵی پیسبوو بەم مشەخۆرە بچنە جەستەی مرۆڤەوە. 
 
نیماتۆدا دەتوانێت بۆماوەیەکی زۆر لە ریخۆڵەدا بمێنێتەوە. ئەم کرمانە لە درێژیدا جیاوازن هەیانە چەند ملیمێکن و هەشیانە لە دوو مەتر درێژتر.
 
ئەو مشەخۆرە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. زیاتریش منداڵان تووشی ئەم کرمە دەبن، چونکە منداڵان زیاتر دەستی پیس لە دەمیان دەدەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی بۆ پرۆسەی چارەسەر لەگەڵ سێ پارت کۆدەبێتەوە

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی بۆ پڕۆسەی چارەسەر، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاداری 2025 لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، پارتی سەعادەت و پارتی ئاییندە کۆدەبێتەوە