سەرۆکی جەهەپە: دەبێت کێشەی کورد لەڕێی دیموکراسییەوە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت

دوێنێ کاژێر 08:19
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە پێویستی زانی کێشەی کورد لەڕێی دیموکراسییەوە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت.
 
لە گوتاری کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی کە سێشەممە 11-03-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپە باسی پرسی کوردی کرد.
 
رۆژی دووشەممە 10-03-2025 هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی بارەگای جەهەپەیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتەکە کۆبوونەوە.
 
سەرۆکی جەهەپە باسی لەو کۆبوونەوەیە کرد و بە بەرهەمدار وەسفی کرد. هاوکات جەختی کردەوە، هەڵوێستی جەهەپە لە پرسی کورددا زۆر روونە و گوتی، "ئەگەر کورد کێشەیان هەبێت، کەواتە کێشەی کورد هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت. لەڕێی دیموکراسییەوە چارەسەر بکرێت. دەبێت لە ژێر بنمیچی ئەم پەرلەمانە چارەسەر بکرێت."
 
لە کاتێکدا پرۆسەیەکی ئاشتەوایی لە تورکیا دەستیپێکراوە و بە خێرایی هەنگاوی بۆ دەنرێت، هەڵمەتی لادان و قەییومکردنی سەرۆکشارەوانییەکانی دەم پارتی لەلایەن حکومەتەوە بەردەوامە. ئۆزەل لەوبارەیەوە گوتی، "لە لایەک قەییوم لەسەر شارەوانییەکان دادەنێیت، لەو شار و شارۆچکانەی فرە کوردنشینن، دەڵێیت ئێوە تیرۆرستن و ئێمە شارەوانی بەڕێوەدەبەین، لەو لاشەوە لە رێگەیەکی دیکە و بە دانوستاندنێکی دیکە دەست بە پرۆسەی کرانەوە دەکەیت."
 
ئەگەرچی جەهەپە زۆر جار باسی لە ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پرۆگرامێکی وەهای نەخستووەتەڕوو کە بۆ داواکاریی کوردانی باکووری کوردستان وەڵامێک بێت.
 
ئەو مافانەی جەهەپە لە پرسی کورد جەختیان لەسەر دەکاتەوە، زیاتر مافی هاووڵاتیبوونن.
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
 
رۆژی 09-09-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیا دامەزراوە.
 
ساڵی 1923 تاوەکو 1950جەهەپە 17 جار حکومەتی پێکهێناوە؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردەی لێ جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسی دامەزران.
 
لە کودەتاکەی 1980 جەهەپە بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و دواتر بە بڕیاری دادگەی دەستووریی تورکیا کرایەوە.
 
پرۆسەکە لە چ قۆناخێکە؟
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. 
 
پەکەکە رایگەیاند: "هەتا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
 
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا. هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە

بەهۆی بەکارهێنانی 'سەرکردەی دامەزرێنەر' بۆ ئۆجەلان، رەخنە لە باخچەلی دەگیرێت

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کاتێکدا پێشتر بە 'تیرۆرست' ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی دەبرد، ئێستا بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی 'سەرکردەی دامەزرێنەر'ەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.