رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، نەورۆزی ئەم ساڵ نەورۆزێکی مێژووییە و بەشداریکردن لە ئاهەنگەکاندا گرنگە بۆ پشتیوانیکردن لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و پێشهاتەکانی سووریا.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاداری 2025 لە شاری ئامەد بەشداریی لە راگەیاندنی بەرنامەی نەورۆزی 2025ـدا کرد.
باکرهان ئاماژەی بەوە دا، نەورۆزی ئەم ساڵ نەورۆزی ئاشتییە و ئاماژەی بە رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان و حکومەتی راگوزەری سووریا کرد و گوتی، "لە چوارچێوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلانە."
هەر سەبارەت بە رێککەوتنەکەی سووریا، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، "ئەو رێککەوتنە، دوور لە چەمکی تاکڕەوی و تائیفەگەری واژۆ کراوە، بۆئەوەی کورد، عەلەوی، عەرەب، دروز، مەسیحی، ئەرمەنی و هەموو گەلان و ئایینەکان لەسەر بنەمای دیموکراسی بە ناسنامەی خۆیانەوە پێکەوە بژین."
رۆژی 27ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە بانگەوازێکدا، کە لە رێگەی شاندی ئیمراڵی لە ئیستەنبووڵ خوێندرایەوە، داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 10ی ئەم مانگەش مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رێککەوتنێکی 8 خاڵیان واژۆ کرد، بە گوێرەی رێککەوتنە هەدەسە و دەزگا سڤیلەکانی رۆژئاوای کوردستان تێكەڵ بە سوپا و حکومەت دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ