رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی ئەمڕۆ داواکاریی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا پێشکێش کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025) بڵاویکردەوە، شاندی ئیمراڵی بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داواکارییان پێشکێشکردووە.
دەم پارتی هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا و سەعادەت کۆبوونەوە.
شاندەکە رۆژی دووشەممە، 10ـی ئەم مانگە لەگەڵ هەریەکە لە پارتی رەنجدەران (ئەمەپ)، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) کۆبوونەوە.
بە گوتەی عەبدوڵڵا گولەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی، رۆژی دووشەممە، کە دەکاتە 17ـی ئەم مانگە، لەگەڵ شاندی دەم پارتی کۆدەبنەوە.
ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی، رۆژی شەممە 8ـی ئاداری 2025 رایانگەیاندبوو، مەهەپە و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ وەڵامی داوای کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی دەم پارتیان داوەتەوە. رۆژی 17ـی مانگ، شاندی پارتەکەیان سەردانی هەردوو پارتەکە دەکەن.
سەردانەکانی دەم پارتی بۆ لای حیزبەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـیە، کە 27ـی شوباتی رابردوو داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ