بەهۆی بەکارهێنانی 'سەرکردەی دامەزرێنەر' بۆ ئۆجەلان، رەخنە لە باخچەلی دەگیرێت

دوێنێ کاژێر 12:22
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە کاتێکدا پێشتر بە 'تیرۆرست' ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی دەبرد، ئێستا بەهۆی بەکارهێنانی دەستەواژەی 'سەرکردەی دامەزرێنەر'ەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە. 
 
کەوسەر ئۆفڵوئۆغڵو، یاریدەدەری سەرۆکی ئیی پارتی رایگەیاند، "پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆرستییە کە دەستی بە خوێنی دەیان هەزار کەس سوورە و لە زۆر وڵاتی جیهاندا بە تیرۆرست دەناسرێت. ئەوەی تا دوێنێ (دڕندەکەی ئیمراڵی) بوو، ئەمڕۆ بووەتە سەرکردەی دامەزرێنەر."
 
موحەڕەم ئینجە، سەرۆکی پارتی مەملەکەت لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "لەم وڵاتەدا یەک سەرکردەی دامەزرێنەر هەیە، ئەویش موستەفا کەمال ئەتاتورکە."
 
عەمیدێکی خانەنشینی سوپای تورکیا بەناوی عەلی ئەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "ئەو هەڵوێستانە نیشانی دەدەن مەهەپە چووەتە نێو دۆخێکەوە کە جیاوازە بە پرەنسیپەکانی دامەزراندنی. من وەکو سەربازێکی پێشوو، ئەم دەستەواژەیە بە بێڕێزی بەرامبەر بەو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شەهیدان دەبینم."
 
دەستپێشخەریی باخچەلی لە پرسی کورد
 
رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵا کرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە، ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند؛ ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەک دانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
 
پەکەکە رایگەیاند، "هەتا ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ئەنجام نادات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."
 
پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە نیشاندا و جەختی کردەوە، بۆئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی بۆ پرۆسەی چارەسەر لەگەڵ سێ پارت کۆدەبێتەوە

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی بۆ پڕۆسەی چارەسەر، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاداری 2025 لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP)، پارتی سەعادەت و پارتی ئاییندە کۆدەبێتەوە