رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، کارکردن بەردەوامە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت، "کۆبوونەوەکە لە ئەمریکا یان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئەوە لەو بابەتانەن کە کارکردن لەسەریان بەردەوامە".
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی نیسانی 2025، لە کۆتایی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد.
فیدان، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ترەمپ رایگەیاند، "کارەکان بەردەوامن. کۆبوونەوەکە لە ئەمریکا یان لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، ئەوە لەو بابەتانەن کە کارکردن لەسەریان بەردەوامن".
سەبارەت بە ئەگەری سەردانی ئەردۆغان بۆ سووریا، فیدان گوتی: "سەرۆککۆمارمان بەنیازە سەردانی سووریا بکات، ئێمە بەردەوامین لە کارەکانمان لەسەر ئەم پرسە. کاتێک مەرجەکان جێبەجێ دەکرێن، سەرۆککۆمارمان سەردانی سووریا دەکات".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە شەش هەزار کەس، کە 21 سەرۆکی دەوڵەت و حکومەت و 64 وەزیر لە 155 وڵاتەوە بوون، لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا میوانداری کراون.
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هاکان فیدان گوتی، "تاکە وڵاتێک کە جگە لە شەڕ کاریگەری لەسەر ئیسرائیل هەبێت، ئەمریکایە. چاوەڕوانیمان ئەوەیە هەنگاو بنرێت بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام. روونە کە ئەم جینۆسایدە بەردەوام دەبێت تاوەکو پشتیوانیی ئەوروپا و ئەمریکا نەبڕدرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ