رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند هیواخوازن کێشەی کورد و شەڕ و پێکدادانەکانی ئەمدواییەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە باکووری سووریا، بە رێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت.
چوارشەممە (18ـی کانوونی یەکەمی 2024)، گێیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە رایگەیاند "هیوایەکی زۆر دەبینین لەو سووریا نوێیەی دروست بووە. سووریایەکی نوێ کە دەستوورێکی نوێ پەسند بکات و لەکاتێکی گونجاویشدا هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەی لەدوای قۆناخی راگوزەری سیاسیدا تێدا بکرێت."
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، داواشی لە وڵاتان کرد؛ بەزووترین کات هاوکاری مرۆیی بگەیەننە سووریا و سزاکانی سەر ئەو وڵاتەش هەڵبگرن، کە بەهۆی پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە بەسەریدا سەپێندراوە.
بەگوتەی پێدەرسن، یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم سووریای نوێ، دۆخی ناوچە کوردییەکانی سووریایە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و، مەترسیی دروستبوونی شەڕێکی گەورە لەنێوان هەسەدە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا.
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگربەستی ناوچەکانی منبج و کۆبانێی لەنێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیای تاوەکو کۆتایی هەفتە درێژکردووەتەوە، هەوڵیش دەدات درێژتریشی بکاتەوە تاوەکو ئەوکاتەی لەگەڵ تورکیا دەگەنە تێگەیشتنی هاوبەش بۆ ئەو کێشەیە.
پێدەرسن دەڵێت، "خۆشحاڵم ئاگربەستەکە نوێ کراوەتەوە و پێشدەچێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام هیواخوازین چارەسەرێکی سیاسی بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە."
مورهیف ئەبو قەسرە، فەرماندەی سەربازیی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)، رۆژی 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەخرێتەوە سەر ناوچەکانی دیکە سووریا لەژێر دەسەڵاتی سەرکردایەتیی نوێ. گوتیشی ئەوان فیدراڵیزم رەتدەکەنەوە.
ئەبو قەسرە هەروەها رایگەیاند "سووریا دابەش نابێت و کوردیش یەکێکن لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ