رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر پێگە و چەکدارانی گرووپەکانی نێو سووریا، ناوەندێکی رووسیش رایدەگەیەنێت، بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە بۆ سەر چەکدارانی تەحریر شام 300 چەکداریان کوشتوون.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا رۆژی شەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2024) رایگەیاند لە هێرشەکانیاندا، چەکدار، پێگە، کۆگە، چەک و تەقەمەنیی گرووپە چەکدارەکانیان لە پارێزگەکانی حەلەب و ئیدلیب کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا، بەڵێنی بەردەوامیدانی هاوکاریی و پاڵپشتیی سەربازی دیکەی بۆ سوپای سووریا دا.
ناوەندی رووسی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە نەیارەکانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی ئەو هێرشانەوە رایگەیاند، رووسیا توانیویەتی لانیکەم 300 چەکدار بکوژێت، ئەمە جگە لە بەئامانجگرتنی پێگە و کۆگە سەربازییەکانیان.
ناوەندەکە ئاماژەی بەوەش داوە، 44 کەسی سڤیلیش لەو هێرشانەدا بوونەتە قوربانی.
راگەیێندراوەکەی رووسیا لەدوای چەندین راپۆرتی میدیایی پشتڕاستنەکراوە دێت کە باس لەوە دەکەن؛ لەو هێرشانەی رووسیادا بۆ سەر شارەکانی حەلەب و ئیدلیب، سەرۆکی گرووپە چەکدارەکانی تەحریر شام، ئەحمەد حوسێن شەرح ناسراو بە ئەبو محەممەد گۆلانی، کوژراوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەردوو وەزیری دەرەوەی رووسیا سێگری لاڤرۆڤ و هاوتا تورکییەکەی هاکان فیدان، بەتەلەفۆن قسەیان کردووە و بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، هەردوو وەزیرەکە "رێککەوتوون لەسەر هاوئاهەنگی زیاتر بۆ سەقامگیرکردنەوەی دۆخی سووریا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ