رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتایی دێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو دەستی کەوتوون، ئەگەری زۆرە کاتەکە درێژ بکرێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە بەرپرسێکی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقەوە دەستی کەوتوون، کۆمیسیۆن دۆخەکەی تاوتوێکردووە و ئەگەری زۆرە وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ چەند رۆژێكی دیکە درێژ بکرێتەوە، بەڵام پێناچێت ئەو درێژکردنەوەیە تۆمارکردنی بەربژێرەکان بگرێتەوە.
بە گوتەی جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رووداو، "کۆمیسیۆن لە ساڵی 2015ـەوە 281 حیزبی سیاسی و 20 هاوپەیمانی تۆمارکردووە؛ 14 هاوپەیمانیی نوێ و شەش هاوپەیمانیی پێشووش خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەدا خستووەتەڕوو".
هەڵبژاردنەکە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق جگە لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. کورد چاوی لەوەیە لە پارێزگای کەرکووک ژمارەیەکی زۆر کورسی و لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەلاحەدین و دیالەش بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووانی کورد، کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانییەکی کوردستانی پێکنەهێنراوە.
رۆژی شەممە 29ـی تەممووز، محەممەد خورشید، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی بە رووداوی گوت، "پارتی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێک لە گفتوگۆدایە و هەندێک لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام لە کەرکووک لەگەڵ برایانی یەکێتی دوورین لە یەکدی و ماوەیەکە گفتوگۆکان لەنێوانماندا وەستاون."
بڕیارە رۆژی، 18-12-2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ