هەموارێکى نوێى یاسای هەڵبژاردن پێشکێش دەکرێت؛ براوە ناتوانێت لە پۆستی کارگێڕی بمێنێتەوە

02-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پڕۆژەیاسایەک بۆ هەموارى یاسای هەڵبژاردن پێشکیش دەکرێت کە سێ پارێزگای عێراق دەکاتە دوو بازنە، رێگرى لە مانەوەی بەربژێرى سەرکەوتوو لە پۆستە کارگێڕییەکەی دەکات و ژمارەى بەربژێران، کەم دەکاتەوە بۆ نیوەى ئەوەى ئێستا هەیە. 
 
پڕۆژەیاساکە لەلایەن رائید مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پێشکێش کراوە، کە ئەندامى سەربەخۆى پەرلەمانە لە پشکى پارێزگاى میسان.
 
پڕۆژەیاساکە داوا دەکات؛ لیستى هەڵبژاردن بکرێتە کراوە و ژمارەى بەربژێرەکانى هاوتاى ژمارەى پشکى کورسی هەر پارێزگایەک بێت کە رکابەریی تێدا دەکرێت بۆ هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگا.
 
یاسای ئێستاى هەڵبژاردنەکان، رێگەدەداتە هەر لیستێک؛ دووهێندەی ژمارەى کورسییەکانى پشکى ئەو پارێزگایە، بەربژێر پێشکێش بکات، کە تێیدا بەشدارە.
 
یەکێک لە گۆڕانکارییەکانى دیکە ئەوەیە؛ هەر ئەندامێکى پەرلەمان خۆى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگا بەربژێر بکات، بە دەستلەکارکێشاوە هەژمار دەکرێت. هەر پارێزگار و ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاش خۆى بەربژێر بکات بۆ ئەندامیێتیی پەرلەمان و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بە دەستلەکارکێشاوە هەژمار دەکرێت لەو پۆستەی هەیەتی. 
 
پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2023 یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەموار کردەوە. سەرەکیترین گۆڕانکارى ئەوەبوو؛ عێراق کرایە 18 بازنەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، لەکاتێکدا پێشتر هەر پارێزگایەک دابەشکرابوو بۆ چەند بازنەیەک. 
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ هەموارى یاسای هەڵبژاردن پێشکێش نەکردووە و، ئەو هەموارە وەک هەوڵى تاکەکەسی ئەندامەکەى لیژنەى یاساییە. 
 
بە گوێرەى ئەو هەموارەى پێشکێش کراوە، بەر لە شەش مانگ لە هەڵبژاردن، وەرگرتنى داواکاریی هاوکاریی کۆمەڵایەتى و دابەشکردنى زەوى قەدەخە دەکرێت؛ هەر بەربژێرێک پۆستى هەبێت، لەکاتى بانگەشەدا دەسەڵاتەکانى لێ وەردەگیرێتەوە بۆ ئەوەى بەکاریان نەهێنێت بۆ بەدەستهێنانى دەنگ. 
 
لە پڕۆژەکەدا داوا کراوە؛ هەریەک لە بەغدا، بەسرە و نەینەوا بکرێنە دوو بازنە لەبرى یەک بازنە و، هەر بازنەیەکیان پشکى کورسى خۆى هەبێت.
 
ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ هەموارى یاسای هەڵبژاردن لە 15ـی شوباتى 2025 پێشکێش بە سەرۆکایەتى پەرلەمان کراوە و بۆ پەسندکردنى پێویستى بە دەنگى نیوە کۆ یەکى ئەندامانى ئامادەبووى هەر دانیشتێکى ئاساییە.
 
پێشتر رووداو لە زارى سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسر و ئەبومیساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر، بڵاوی کردەوە؛ هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەستبەردارى هەموارى یاسای هەڵبژاردن بووە، ئەوەش بەهۆى "نەمانى دەرفەت" بۆ ئەو هەنگاوە. 
 
نابێت هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانى عێراق لە 25ـی تشرینى دووەمى 2025 تێپەڕێت. کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لانیکەم پێویستى بە شەش مانگ ئامادەکارییە بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
 
دارا سێکانیانى گوتى "لەکۆبوونەوەیەکى لیژنەى یاسایی لەگەڵ نوێنەرانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، پێیان راگەیاندین، ناتوانن چاوەڕێى هەموارى یاسای هەڵبژاردن بکەن و دەرفەت لەبەردەستیان نەماوە". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە