پارێزگاری نەینەوا: 87 کەس لە رووداوەکەی حەمدانیە گیانیان لەدەستداوە

27-09-2023
نازەنین گۆران
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا
نیشانەکردن ئاگرکەوتنەوە لە حەمدانیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانیە، "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا 87 کەس گیانیان لەدەستداوە و 100 برینداریش گەیێندراونەتە ناوەندە تەندروستییەکانی پارێزگای نەینەوا بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بکرێت".
 
درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە لە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە کە زیانی گیانی گەورەی هەبوو. نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا هەفتەیەک ماتەمینی لە پارێزگاکەی راگەیاند و گوتی، سبەی پێنجشەممە 27-09-2023 لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگای نەینەوا بۆ رێزگرتن لە قوربانییەکان خولەکێک بێ دەنگی رادەوەستن. 
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-09-2023، پارێزگاری نەینەوا سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و بە نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداوی گوت، "هێشتا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هۆکاری رووداوەکە تەواو نەبووە. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا 87 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 100 برینداریش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگای نەینەوا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر".
 
پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەکرد، بەشێک لە بریندارەکانیش گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2023، هەمزە رەزیکی، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای رووداوەکەی حەمدانیە ئەمبوڵانسمان نارد بۆ هاوکاریی بریندارەکان و ئێستاش تیمەکانمان لەوێن؛ تاوەکو ئەمڕۆ کاژێر 09:00، 19 بریندار رەوانەی دهۆک کراون".
 
رەزیکی گوتی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا. گوتیشی، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ پێشوازی لە هەر بریندارێکی دیکە کە دەکرێت رەوانەی دهۆک بکرێت".
 
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا رەمەزان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا گوتی، 15 برینداری رووداوەکە گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر. 
 
پارێزگاری نەینەوا ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری تەندروستی، پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک و سەلاحەدین هاوکاری پزیشکیان بۆ ناردووین لە ئەمبوڵانس، پزیشک و دەرمانیش."
 
نەجم جبووری رایگەیاند، "بەشێک لە برینداران دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ئەوانی دیکە لە ژێر چارسەری پزیشکیدان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە