رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق لە یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هەمواری یاسای بەرەنگاربوونی لەشفرۆشیی پەسند کرد. بە گوێرەی هەموارەکە هەر پزیشکێک رەگەزی کەسێک بگۆڕێت لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت.
پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، بەشێکی زۆری سزاکان کراوە بە زیندانیکردن و پێبژاردن. ناوی یاساکە بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشییەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشیی و لادانی سێکسی گۆڕدراوە.
رۆژی شەممە، 27-04-2024 پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و ئامادەبوونی 170 پەرلەمانتار کۆبووەوە. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران هەمواری یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی پەسندکرا.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی، لیژنەکەیان زۆرترین کۆبوونەوەیان لەبارەی هەموارەکە کردووە و زۆرترین کەسی پسپۆر لەسەر ئەو بابەتە بانگهێشتی دانیشتنەکانیان کراوە بۆ ئەوەی رایان وەربگیرێت.
بەشێک لە مشتومڕی پەرلەمانتاران لەبارەی سزاکان بوو، کە لە سێدارەدان و زیندانی تاهەتایی تێدا بوو. دارا سێکانیانی دەڵێت: "زۆربەی سزاکان لەکاتی پەسندکردنی یاساکە گۆڕدراوە بۆ زیندانی و پێبژاردن."
بەپێی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی، ژمارە 8ـی ساڵی 1988، هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دادەنرێت و هەرکەسێک پەیوەندییەک دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى "لادانى سێکسى" سزادەدرێت.
هەر بە گوێرەی هەمواری یاساکە، هەر کەسێک بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی بکات سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت و بە پێبژاردن کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر و 15 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
هەر کەسێکیش رەگەزى خۆى بگۆڕێت، لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت و ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەرییەکەشی بۆ کردووە هەمان سزا دەیگرێتەوە.
لە هەموارەکەدا هاتووە، هەر کەسێک بە هاوڕەگەزخوازییەوە تێوەبگلێت، بە زیندانیکردن سزا دەدرێت، کە لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت و 15 ساڵ زیاتر نەبێت.
هەر کەسێک بە زۆر، فێڵکردن و بە هەڕەشە لەشفرۆشی یاخود هاوڕەگەزخوازیی بە کەسێکی دیکە بکات کە تەمەنی 18 ساڵ زیاتر بوو، زیندانی دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت.
هەرکەسێکیش ئەو "تاوانە" بەرامبەر کەسێکی خوار تەمەنی 18 بکات زیندانی دەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ