رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەبێت دانانی کاتێکی جێگیر بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت بێت، "نابێت لە ئاستی ئەو دواکەوتنەی لەم مانگەشدا روویداوە بێدەنگ بن."
رۆژی شەممە، 27-01-2024، سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "دەبێت دیاریکردنی کاتێکی جێگیر بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت بێت، نابێت لە ئاستی ئەو دواکەوتنەی لەم مانگەشدا روویداوە بێدەنگبین."
سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق داوا لە سەرۆکوەزیران دەکات، لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکات کە یاری بە قووتی فەرمانبەران دەکەن لە پێناو دروستکردنی قەیرانێکی نوێ.
سعود ساعدی دەڵێت، "هەرچەندە ئەو مووچەی حکومەت بە فەرمانبەرانی دەدات ناتوانێت سەرجەم پێداویستییەکانیان دەستەبەر بکات، هەرئەوەش بوو ئێمەی هاندا دەستپێشخەریێک پێشکێش بکەین کە یەک فلسی گەنجینەشی تێناچێت بۆ دەستکاریکردنی لیستی ستەمکارانەی مووچە، کە کەلێنێکی دارایی لە نێوان فەرمانبەرانی وەزارەتەکاندا دروستکردووە."
سعود ساعدی لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەبەستی من سەرجەم فەرمانبەرانی عێراقە ئەوانەی هەرێمی کوردستانیش، چونکە ئەوانیش عێراقین و نابێت مووچەکانیان دوا بکەوێت."
رۆژی 14-01-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریاریدا بە ناردنی بڕی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2024ـدا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو پارەیە نەنێردراوە و جگە لە دابەشنەکردنی سێ مووچەی ساڵی 2023 تائێستا مووچەی کانوونی دووەمی ئەم ساڵیش دابەشنەکراوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو مانگێک بودجەی پارێزگاکان، هەرێم و پڕۆژەکان بە گشتی دوای 25ـی مانگ تاوەکو کۆتایی مانگ خەرجدەکرێت، زۆرجاریش حکومەتی عێراق بودجەی خۆی خەرجدەکات ئەوکات بودجەی هەرێم[ـی کوردستان]، بۆیە لای ئێمە ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگ پارەی نەنارد ئەوکات دەڵێن دواکەوتووە و دەپرسین بۆچی نەهاتووە، چونکە دەسەڵاتیان تاوەکو کۆتایی مانگ هەیە."
نەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، تائێستا لە 2023 مووچەی هەریەک لە مانگەکانی 10، 11 و 12 دابەشنەکراوە، هاوکات تائێستا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2024 دابەشنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ