رووداو دیجیتاڵ
نەقیبی سەندیکای پەرستارانی عێراق دەڵێت، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بەشێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئاداری 2025 فیراس موسەوی، نەقیبی سەندیکای پەرستارانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی 11 داواکاری سەرەکیی پەرستاران دەربڕی."
فیراس موسەوی گوتیشی، "ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆدەبینەوە. بڕیارە دوای کۆبوونەوەکەش بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو داواکاریانەمان بدرێت کە لە دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستیدان."
بە گوتەی نەقیبی سەندیکای پەرستارانی عێراق، گرنگترین ئەو داواکارییانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی داون بریتین لە زیادکردنی دەرماڵەی مەترسی بە رێژەی 20%، پێدانی پارچە زەوی بە پەرستاران، کردنەوەی بۆردی عێراقی و عەرەبی بۆ پەرستاران، دامەزراندنی دەرچووانی 2024-2025 و کەمکردنەوەی کاتی کارکردنیان.
رۆژی 25ی ئەم مانگە، 50%ی پەرستارانی عێراق بایکۆتی دەوامیان کرد.
نەقیبی سەندیکای پەرستاران گوتیشی، "بایکۆتکردنەکەمان بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان لەلایەن حکومەتەوە بوو."
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، نزیکەی 110 هەزار پەرستار لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی عێراق کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ