لیژنەی دارایی لەبارەی مادەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە؛ رووداو پوختەکانیان بڵاودەکاتەوە

25-05-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کاژێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەردوو مادەی 13 و 14 پرۆژەیاسای بودجەی عێراق، کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.
 
بە گوتەی هەردوو ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: د. نەرمین مەعروف و د. خەلیل دۆسکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکانیشی ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجەیە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.
 
هەردوو ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسیان لەوە کرد ئەگەر ئەمڕۆ کارەکان تەواوبن، سەرەتای هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسندکردنی بودجە، کە ئەمەش پەیوەندی بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی لیژنەکەیانەوە هەیە. 
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ دیاریکراوە، کە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. 
 
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق گۆڕانکارى لە بڕگەى دووەمى مادەى 12ـی پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق کرد و دەستەواژەیەکى لابردووە، کە ئاماژەبوو بۆ ئەوەى پشکى هەرێمى کوردستان "نابێت زیاتر بێت لە داهاتى نەوتى و داهاتى دەروازە سنوورییەکان".
 
رۆژی 21ـى ئایارى 2023، ئەو بڕگەیە لەنێو لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پەسندکرا، بەمەبەستى جێگیرکردنى لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى بەر لەوەى لە پەرلەمانى عێراق دەنگى لەسەر بدرێت.  
 
بەگوێرەى ئەو بڕگەیەی کە لە پڕۆژەیاساکەدا هەبوو، ئەگەر نرخى نەوت بەرزبێتەوە و داهاتى خاڵە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان زیادبکات، پشکى هەرێمى کوردستان ناگۆڕێت، لە کاتێکدا پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساکە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى قەبارەى پارەى پڕۆژەیاساکە کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
 
ماددەی  13ـی و 14ـی رەشنووسەکە لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە و پوختەکەی بریتییە لە:
 
- شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێتەوە، ئەوەش دوای وردبینی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیی عێراق و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان بەپشتبەستن بە ماف و پابەندبوونەکانی یاسای بودجەی ساڵانی رابردوو.
 
- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە هەناردەکردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کێڵگەکانییەوە و داهاتەکەی دەبێتە داهاتی کۆتایی گەنجینەی فیدراڵی.
 
- حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی بە گەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، بەڵام دەبێت هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، وردبینی لە داتاکاندا بکەن.
 
- وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەبێت مانگانە شایستەکانی هەرێمی کوردستان بدات، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
 
- قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق لە رەسیدی بانکی عێراقی لای بانکە حکومی و تایبەتییەکان یەکلایی دەکرێتەوە؛ وەزارەتی دارایی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەخشتە دەکات، کە لە ساڵی 2023ـوە دەستپێدەکات.
 
- کۆی داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە یەک هەژماری بانکی دادەنرێت، بەبێ هیچ لێبڕینێک؛ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یان ئەو کەسەی رادەسپێردرێت دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت و هەژمارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە چاودێریی دەکرێت و سەرجەم هەژمارە بانکییەکانی دیکە دادەخرێن.
 
- دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدەستن بە وردبینی ئەو هەژمارەی دەکرێتەوە و چاودێریکردنی لە رێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند کە مافی تەماشاکردنی سەرجەم گرێبەست و داشکاندنەکانی پەیوەست بە بابەتەکەی دەبێت لەگەڵ شایستەکانی کۆمپانیاکان بۆ دەرهێنان و گواستنەوە و هەناردەکردن.
 
- ئەو هەژمارە بانکییە بەهەموو ئەو پارەیەی دەچێتە نێوی و لێوەی دەردەچێت، لەلایەن کۆمپانیایەکی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە وردبینی بۆ دەکرێت و راپۆرتی خولی لەبارەیەوە دەداتە دیوانی چاودێری لە بەغدا و هەولێر.
 
- داتا داراییەکان ساڵانە و شەش مانگ جارێک بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و چاودێری هەژمارە سەربەخۆکە (کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە) دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.
 
- لیژنەیەک لە هەردوو لایەن پێکدێت بۆ پێداچوونەوەی گشتگیری ماوەکانی رابردوو پەیوەست بە نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەنێوان وەزارتی نەوت و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی تێڕوانێنێکی یەکگرتوو و بەپێی دەستوور هەبێت کە رەزامەندیی هەردوولای لەسەر بێت و جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی قۆناخەکانی رابردوو یەکلایی بکرێتەوە.
 
- لەکاتی هەر ناکۆکییەکدا لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ئەوەی پەیوەندیی بە ماف و پابەندبوونەوەکانەوە هەیە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێکدەهێنرێت بۆ تەماشاکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و لەماوەی یەک مانگ لە دروستکردنییەوە راسپاردەکانی بۆ سەرۆکوەزیران بەرزدەکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."