بۆچوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر نێوەڕۆکی مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە

10-06-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بودجەی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر

مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و چەندین بڕگە و خاڵی تێدایە کە ناکۆکیی دروستکردووە، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو و کۆمەڵ دژی لابردنی بڕگەی ناچارکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆ گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە. پارتیش دەڵێت، لەگەڵ گەڕانەوەی پاشەکەوتە، بەڵام بەو مەرجەی پارەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.
 
لە بڕگەیەکی دیکەی مادەی 14ـی پڕۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە "ئەگەر 30 رۆژ تێپەڕبێت بەسەر کێشەیەکی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەر نەبێت، ئەوا بەغدا بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێت"، ئەم خاڵە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی وەستاونەتەوە و دەڵێن، رێگە بە تێپەڕاندنی نادەن و داوادەکەن بگەڕێتەوە بۆ دەقی پێشتر، کە دەڵێ، "لیژنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکبهێندرێت و، (لیژنەکە) لەماوەی مانگێکدا راپۆرتی خۆی بداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەویش بڕیاری لەسەر بدات". 
 
یەکێتی: لەگەڵ ئەوەداین مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگای سلێمانی بکرێت
 
بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی لە مادەی 14ـدا هاتووە، بە تەواوی رەتیدەکەینەوە؛ دەبێ بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر دەقە کۆنەکە و هەر هەوڵێک بە ئامانجی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان، رەتدەکەینەوە و قبووڵی ناکەین".
 
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان لەگەڵ جێبەجێکردنی دوو خاڵی دیکەی مادەی 14ـدان و هەموو هەوڵێکی خۆیانی بۆ دەدەن، ئەویش گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە و مامەڵەی راستەوخۆی بەغدایە لەگەڵ پارێزگاکان. گوتیشی "لە دەقی مادەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەر پارێزگایەک ستەمی لێکرا، یان جیاکاریی بەرامبەر کرا، ئەوکاتە بەغدا راستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکات؛ لە رابردوو و ئێستاشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ستەمی لە سلێمانی کردووە و دەیکات، نامانەوێت ئەوە بمێنێت".
 
پارتی: لەگەڵ گێڕانەوەی پاشەکەوتداین، بەو مەرجەی پارەی بۆ تەرخانبکرێت
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قبووڵی ناکەن ئەو بڕگەیەی مادەی 14 بچەسپێندرێت کە دەڵێ لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەگەر کێشەیەک دروستبوو لەنێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەر نەکرا، بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت.
 
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەموو شێوەیەک مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگای سلێمانی رەتدەکەنەوە. لەبارەی پاشەکەوتی مووچەشەوە دووبەردانی گوتی "ئێمەش حەزدەکەین پاشەکەوت بدرێتەوە؛ کەس نییە لەگەڵ ئەوەدا نەبێ، بەڵام موزایەدە ناکەین و دەڵێین پارەی بۆ تەرخانبکرێت پاشان دەنگی لەسەر بدرێت، چونکە پارەی بۆ تەرخان نەکرێت بەو پشکەی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، پاشەکەوت نادرێتەوە و ئێمە لەگەڵ خەڵکی خۆماندا راستگۆین".
 
یەکگرتوو: پارەی بۆ تەرخانبکرێت یان نا، لەگەڵ گەڕانەوەی پاشەکەوتداین
 
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا نییە لەگەڵ پارێزگایەکدا بە جیا. موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بڕگەیە لابراوە کە دەڵێ مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگایەکدا بکرێت؛ بەڵام دەگوترێ بڕگەیەکی دیکە زیادکراوە کە دەسەڵات دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی هەبوونی کێشە لەنێوان پارێزگاکان دەستوەردان بکات و چارەسەریان بکات".
 
موسەننا ئەمین گوتیشی: "ئێمە دژی لابردنی بڕگەیەکی تایبەتین بە پاشەکەوتی مووچە؛ هەرچەندە 10% زۆر کەمە و رەمزییە، بەڵام گرنگە هەرێمی کوردستان ناچار بکرێت ئەو پاشەکەوتە بداتەوە، ئیتر پارەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت یان نا؛ ئێمە کار بۆ گەڕانەی دەکەین".
 
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی یەکگرتوو باسی لەوەشکرد، بڕگەیەکی دیکە لە مادەی 14 لابراوە کە تێیدا حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچارکردبوو بە پێدانی راژەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ وردبینیکردن تێیدا. گوتیشی "ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بە ناردنی ناوی مووچەخۆران بۆ بەغدا زۆر گرنگە؛ گەندەڵییەکی زۆر لە مووچەخۆری سەربازی و مەدەنیشدا هەیە، جیا لەوە؛ ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ بکات، ساڵانە هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت لە پلەی وەزیفی؛ ناکرێت دەچینە هەر فەرمانگەیەک یان خۆبەخشە، یان وانەبێژ و گرێبەست، ئەمانە تاوەکو کەی دانەمەزرێن؟".
 
کۆمەڵ: نابێت کێشەیەک چارەسەر نەبوو، بودجە ببڕدرێت
 
هەروەها سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نابێت ئەوە قبووڵبکرێت کە دەڵێ "ئەگەر کێشەکان لە وادەی دیاریکراودا چارەسەر نەکران بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت". گوتیشی: "هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن لە رێگەی ئەو بڕگەیەوە بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕن''.
 
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان "ئامادە نییە، پاشەکەوتی مووچە بداتەوە، بەڵام بەهەر بیانوویەک بێت، دەبێت پاشەکەوتەکە بگەڕێنێتەوە".
 
نەوەی نوێ: مامەڵەی جیا لەگەڵ پارێزگاکان نەکرێت
 
فراکسیۆنی نەوەی نوێ، جەخت لە گەڕانەوەی 10%ـی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. هەروەها دەڵێت "دژی ئەو بڕگەیەن کە رێگە بە حکومەتی ناوەندی بدات راستەخۆ لەگەڵ پارێزگای سلێمانیدا مامەڵە بکات".
 
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ بە دەنگدان بە مادەکانی دیکەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەستپێبکاتەوە.
 
شەوی رابردوو تاوەکو بەرەبەیان کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوو، کە تێیدا دەنگ بە مادەکانی 2-9-10-11-12-13 و 18 درا؛ مادەی 14 کە تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها مادەکانی 15-16 و 17 کە ناکۆکی نێوان پکهاتەکانی دیکەی لەسەربوو، دواخران و بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە دەستپێبکاتەوە.
 
جگە لەمادەی 14، مادەکانی 12-13ـی تایبەت بە هەرێمی کوردستان، پەسەندکران
 
شەوی رابردوو مادەکانی 12 و 13ـی پڕۆژەیاسای بودجە، کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان پەسند کران؛ لە مادەی 12ـدا پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.67 وەکو رێککەوتنی لەسەر کرابوو دەنگی لەسەر درا؛ مادەی 13ـش بەمشێوەیەی خوارەوە پەسەند کرا:
 
یەکەم:
 
شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2004 تاوەکو 2022 یەکلایی دەکرێنەوە، دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان، بە پشتبەستن بەو ماف و پابەندبوونانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی هەموو ساڵێک هاتووە.
 
دووەم: 
 
‌‌أ - حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند دەبێت بە بارکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆگەکانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهانی تورکی، لانیکەم کەمتر نەبێت لە 400 هەزار بەرمیل. هەناردەکردنی نەوتەکە لەلایە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بە هەمان ئەو رێکارانە دەبێت، کە وەزارەتی نەوتی عێراق پەیڕەوی دەکات.
 
ب - ئەگەر هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان یان هەر بەندەرێکی دیکەی فەرمی کە وەزارەتی نەوت دیاری دەکات، نەکرێت، ئەو کاتە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتە دەداتە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ بەپێی ئەو پێویستییەی وەزارەتی نەوت دیاری دەکات.
 
ج - وەزارەتی دارایی عێراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان دەدات کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە وەردەگیرێت، بەو پێیەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە یەکسان بێت لەگەڵ تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق.
 
د - حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی.
 
هـ - وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش مانگانە ژمێرەی کۆتایی بداتە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ ئەوەی بخرێتە نێو ژمێرەی کۆتایی دەوڵەت، یەکلاییکردنەوەی ماف و پابەندبوونە نانەوتی و نەوتییەکانی هەردوولا دەکرێت دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی وەرزی دەبێت.
 
و - قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قەرزی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی و بانکە حکومی و تایبەتەکانە، مانگانە بە قیست لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و دانەوەی ئەو قەرزانە لە ساڵی 2023ـەوە و دەستپێدەکات لە ماوەی حەوت ساڵدا دەدرێنەوە.
 
ئەوەی مابێتەوە و تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان، مادەی 14ـەیە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ (شەممە، 10-6-2023) دوای گفتوگۆکان دەنگی لەسەر بدرێت.
 
پڕۆژەیاسای بودجە 67 مادەی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە نێردراوەتە پەرلەمان، بەڵام ئەگەر هەیە ژمارەی مادەکان بگۆڕدرێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە