فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق دەگۆڕدرێت

25-05-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
نیشانەکردن ناتۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی  هێزەکانی ناتۆ لە عێراق دەگۆڕێت و جەنەراڵێکی ئیسپانی جێگەی جەنەراڵێکی ئیتاڵی دەگرێتەوە، فەرماندە نوێیەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان راوێژ پێشکێش دەکەن و هێزە خۆجێییەکان دەتوانن بە ویستی خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن.
 
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێز، جەنەراڵی ئیسپانیا لە ناتۆ، لە رێوڕەسمێکدا بووە فەرماندەی ناتۆ لە عێراق و شوێنی جیۆڤانی ماریا یانووچی، جەنەراڵی ئیتاڵیای لە ناتۆ گرتەوە، جیۆڤانی لە ئایاری 2022ـوەوە ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.
 
جیۆڤانی ماریا یانوچی گوتی "لە 12 مانگی پێشوودا بە چڕی کارمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دامەزراوەکان کردووە؛ پێکەوە چەند پێوانەیەکی کارکردنمان داناوە تاوەکو بەخێرایی گۆڕانکاریی پەیکەری و چاکسازیی پێویست بکەین. مەبەست لەمەش کاریگەرترکردنی توانستی ئاسایشی هێز و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقە، تاوەکو لەو رێگەیەوە بتوانن وڵاتەکەیان سەقامگیر بکەن، رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و رێگە لە گەڕانەوەی داعش بگرن"،
 
سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی عێراق، جیۆڤانی گوتی "ئەنجامی بەرجەستە بۆ رەخساندنی هەلومەرجی ئاسایشی بەردەوام لە عێراق و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەدەستهاتووە. راستییەکەی کاری زیاتر لە پێشە، بەڵام ئەو هاوئاهەنگییەی لەگەڵ هاوکارە عێراقییەکانمان کاری لەسەر کراوە، تۆکمەیە و بەرەو پێشەوە دەڕوات".
 
فەرماندە نوێیەکەی ناتۆ لە عێراق رایگەیاند، "هاوکارە عێراقییەکانمان خاوەن مێژوو، کولتوور، رێکخراوەیی و دابونەریتی خۆیانن. ئەوان دەتوانن بە ویستی خۆیان دامەزراوە ئەمنییەکان بەڕێوەببەن، ئێمە وەکو فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق، بەگوێرەی داواکارییەکانی حکومەتی عێراق، بەردەوام دەبین لە پێشکێشکردنی راوێژەکانمان".
 
فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018ـەوە دامەزراوە و تەنیا راوێژ بە هێزە خۆجێییەکان دەدەن و توانستیان بەرزدەکەنەوە. ئامانج لە فەرماندەییەکە ئەوەیە عێراق دامەزراوەی ئەمنیی سەقامگیر، روون و کاریگەر بونیات بنێت. 
 
فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق بە رەزامەندی حکومەتی عێراق لە عێراقدا کاردەکەن و بەگوێرەی ئەنجێدای کارکردنی ناتۆ، رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.