عێراق

کەسێک کە وەکو چالاکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت؛ وێنەکە لەلایەن ژیریی دەستکردەوە دروستکراوە
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
هەستیار قادر و مالیک محەممەد
دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق رسوماتى ساڵانەى چالاکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى بڵاوکردەوە، کە بەگوێرەى فۆڵۆوەرەکانیان لە نێوان 250 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینارە. بەرپرسێکی دەستەکەش دەڵێت: "بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق رێکارێکى داناوە بۆ رێکخستنى کارى کەسانى بەنێوبانگ و دروستکەرى بەرهەمە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ رێکخستنى چالاکییەکانیان.
رۆژی دووشەممە، 24ى ئادارى 2025، حەیدەر عەلاق، گوتەبێژى دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو لیستى رێکارە بۆ ئەوەیە چوارچێوەیەکى رێکخستن و پێوەر و رێوشوێنەکانى تایبەت بە رێکلام کردن و ناوەڕۆکى بەرهەمەکان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت."
حەیدەر عەلاق گوتی: "لیستەکە چالاکڤانانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسە کاریگەرەکان و کەسێتیە گشتییەکان دەگرێتەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و راگەیاندنەکان هەواداریان هەیە، ئامانج لێى پاراستنى کۆمەڵگەیە لە مامەڵە ناپیشەییەکان لەکاتى رێکلام و بانگەشەکردنەکاندا."
دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق، بەرپرسە لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی کەناڵەکانى راگەیاندن، وێبسایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنى ئەوەى کارکردنیان دەگونجێت لەگەڵ یاسای کارپێکراوەکانى عێراق.
بە گوتەی حەیدەر عەلاق، "بڕیاری وەرگرتنی رسوماتەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
گوتەبێژى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق دەڵێت، رسوماتى ساڵانەیان دیاری کردووە بۆ ئەو کەسە کاریگەرانە، بە گوێرەى ژمارەى فۆڵوەرەکانیان بەم شێوەیە: ئەوانەى زیاتر لە پێنج ملیۆن فۆڵۆوەریان هەیە ساڵانە یەک ملیۆن دینار رسوماتیان لێ وەردەگیرێت، ئەوانەى فۆڵۆوەرەکانیان لە نێوان سێ بۆ پێنج ملیۆنە، ساڵانە 850 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت؛ ئەگەر یەک ملیۆن فۆڵۆوەرى هەبوو، 650 هەزار دینارى لێ وەردەگیرێت؛ 500 بۆ یەک ملیۆن فۆڵۆوەرز دەبێت 450 هەزار دینار بدات؛ ئەگەر 100 بۆ 500 هەزار فۆڵۆوەریشى هەبێت پێویستە 250 بۆ 350 هەزار دینار وەک رسوماتى ساڵانە بدات.
جادر عەبدولوەهاب، بەڕێوەبەری ناوەندی میدیایی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق بە رووداوی گوت، "بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەستەکەمان دراوە و جێبەجێ دەکرێت، بەڵام رەنگە جێبەجێکردنی ماوەی مانگێک بۆ سێ مانگی پێبچێت."
لەبارەی شێوازی وەرگرتنی رسوماتەکانەوە جادر عەبدولوەهاب گوتی، "سەرەتا ناوی ئەو کەسایەتییانە لای خۆمان تۆمار دەکەین، دواتر هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی دەکەین بۆ شێوازی وەرگرتنی رسوماتەکان."
محەممەد حەمەڕەشید، ناسراو بە حەمە کوردش، کە گەیمەر و کەسایەتییەکی نێو سۆشیاڵ میدیایە، لەبارەی ئەو بڕیارەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "هیچ حکومەتێک ناتوانێت باج لە هیچ کەسایەتییەکی سۆشیاڵ میدیا وەربگرێت، ئەگەر بەرهەمەکانی تایبەت نەبێت بەو وڵاتە. بەڵام کەسێک کە بۆ نموونە خاوەن فرۆشگەیەک یان گەیمەرێک ناتوانرێت باجیان لێوەربگیرێت، چونکە هیچ بەڵگەیەکی ئەو کەسە لەلای حکومەت نییە."
محەممەد حەمەڕەشید گوتیشی، "حکومەتی عێراق خۆی نەیتوانیوە هەندێک پێداویستی هەن دابینی بکات بۆ کەسایەتییەکانی سۆشیاڵ میدیا. بۆ نموونە ئێمە هەمووجارێک بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیەی بەدەستی دەهێنین، دەبێت لە رێگەی بانکی نێوەندگیرەوە وەریبگرین."
حەمە کوردش پێی وایە، "حکومەت ناتوانێت بە رێژەی ئینفلۆنسەر هیچ بڕە پارەیەک لە کەس وەربگرێت، بەڵکو دەتوانێت بەو کارەی کە دەیکات لە رێگەی رێکلامەوە پارەی لێوەربگرێت، بەڵام ئەو کارەش رسوماتێکی فەرمی نییە لە عێراقدا ئەگەر بەرهەمەکە تۆمار نەکرابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ