دوو ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە داوای گۆڕانکاری لە پشکی بودجەی کوردستان پاشگەزدەبنەوە

21-05-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چڕبونەتەوە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجە.  بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەرج و داواکاریی نوێ چوونەتە نێو کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی کە ئامانجیانە گۆڕانکاری لەو دەقە بکەن کە پێشتر هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتبوون. 
 
محەممەد بەلداوی، جێگری سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت لە عەسائیبی ئەهلی هەق دەڵێت، " حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەو داهاتانە بخرێنە هەژمارێکی تایبەت، ئەو هەژمارە تایبەتە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی بۆ بکرێت." 
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دەشڵێت، "دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنی لیستی ناوی فەرمانبەران و شایستەکانی خانەنشینی هەروەها لیوای 20 کە دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی بەرگری هەمووئەمانە لەپێناو یەکلاکردنەوەی موچەکانیانە ئەویش لە چوارچێوەی کی کارت، کە ئەمە گەرەنتیی کەسوکارمان لە فەرمانبەران دەکات لە هەرێم کە موچەکانیان بە شێوەیەکی رێکو پێک وەردەگرن."
 
ئەوەی هێشتا ئومێدی مانەوەی هەمان ئەو رێکەوتنەی هەولێر و بەغدای لە پرۆژە یاسای بودجەدا هێشتۆتەوە بە گوتەی ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی زۆرینەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبەردنی دەوڵەتە کە لەگەڵیدان. 
 
د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "گەر ئەو داوکارییانە جێبکرێنەوە ئێمە تانەی لێ دەدەین، بەڵام زۆربەی ئەندامانی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رازی نین بەو پێشنیازانەی پێشکێشکراون ئەوان لەگەڵ ئەوەن  رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت چۆن نوسراوەتەوە ئاوا جێبەجێ بکرێت."
 
رووداو زانیویەتی لەکۆی ئەو 10 ئەندامەی لیژنەی دارایی کە داوای گۆڕانکارییان کردووە لە مادەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان دوو ئەندامیان پاشگەزبونەتەوە و واژۆکانیان کشاندووەتەوە، بەڵام هێشتاش گەرەنتی نییە بۆ مانەوەی هەمان ئەو مادە و بڕگانەی لەحکومەتەوە نێردراون. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە