رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق؛ بەغدا پلەی یەکەمی گرتووە

18-11-2024
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و جیابوونەوەی لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بڵاوکردەوە. لە هەردووکیان بەغدا پلەی یەکەمی گرتووە و لە پارێزگای نەجەف-یش هیچ جیابوونەوەیەک تۆمارنەکراوە.
 
بە گوێرەی ئامارەکە، مانگی رابردوو 34 هەزار و 951 هاوژینی تۆمارکراون. بەغدا بە پلەی یەکەم دێت بە 9 هەزار و 692 هاوژینی، دواتر نەینەوا دێت کە 3 هەزار و 778 هاوژینی تێیدا تۆمارکراوە. 
 
لەبارەی جیابوونەوەش، 6 هەزار و 696 کەیس هەبوون. زۆرترینیان لە پارێزگای بەغدا بووە کە دوو هەزار و 214 بوون؛ پارێزگای بەسرە بە پلەی دووەم دێت کە 758ـی هەبووە؛ لە پارێزگای نەجەفیش هیچ جیابوونەوەیەک تۆمارنەکراوە.
 
بەپێی ئامارەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، رێژەی جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگە زیاتر لە سێ هێندەیە بەراورد بە جیابوونەوە کە لەڕێگەی دادگەوە کراوە.
 
ئەیلوولی ئەم ساڵ 29 هەزار و 909 هاوژینی لە عێراق تۆمارکرابوون. زۆرترینیان لە بەغدا بوو کە 8 هەزار و 215 بوو؛ نەینەوا بە پلەی دووەم هات کە چوار هەزار و 29 بوو. 
 
هەروەها لەو مانگەدا شەش هەزار و 586 جیابوونەوە تۆمارکرابوون؛ زۆرترینیان لە بەغدا بوو بە دوو هەزار و 194؛ دواتر بەسرە بە پلەی دووەم کە 762 جیابوونەوە بوو. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە