رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و تێیدا باس لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. وەزیری دادی عێراق دەڵێت، گەشبینە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێک لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-09-2023) کاژێر 13:00 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبێتەوە. خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق ئەمڕۆ بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکێک لەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا باس دەکرێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
خالید شوانی گوتی، لەگەڵ زۆربەی وەزیرەکاندا لە گفتوگۆدان ''بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمڕۆ دەنگ لەسەر ئەو بابەتە بدرێت و بەو شێوەیە تێپەڕیت کە لەبەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا بێت."
وەزیری دادی عێراق باسی لەوەش کرد، گەشبینە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیارێک بە ئاراستەی ناردنی شایستەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەربچێت.
خالید شوانی گوتیشی، بڕی ئەو پارەیە دیار نییە کە بڕیارە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە 14-9-2023 شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران چووە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرە باڵای عێراق و پارتە سیاسییەکان کرد. بەشێک لە تەوەری کۆبوونەوەکانیش شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەنێویشیدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەمموز و ئابیان وەرنەگرتووە، ئەوە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکی دیکە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناردنی مووچە ئەرکی حکومەتی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ