نەرمین مەعرووف: رەنگە تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی قەرزەکە لە بەغداوە بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوابکەوێت

20-09-2023
پەیمان محەممەد
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن قەرزی هەرێمی کوردستان نەرمین مەعرووف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی قەرز لە رێگەی بانکەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، دەشڵێت، رەنگە تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی ئەو بڕە پارەیە، بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوابکەوێت.
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (چوارشەممە 20-09-2023) بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە بەغدا راگەیاند ''ئەگەر بە شێوەی دیکە کێشە دروست نەکرێت، ناردنی قەرز لە رێگەی بانکەکانەوە هیچ گرفتێکی یاسایی نییە، چونکە بانکەکان دەڵێن ئەمە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئێمە لایەنی جێبەجێکارین، ئەم بانکانە موڵکی حکومەتن، واتا حکومەت بڕیار لە ناردنی ئەم قەرزە دەدات.''
 
لە کۆبوونەوەى 17ـی ئەیلوولی 2023ـی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بڕى دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار وەک قەرز بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سێ گوژمەى 700 ملیار دینارى بۆ مانگەکانى ئەیلوول، تشرینى یەکەم و تشرینی دووەم، بنێرێت. ئەو بڕە پارەیە لە رێگەى بانکەکانى رافیدەین، رەشید و بازرگانیی عێراق دەنێردرێت.
 
دواى چەند کاژێرێک لە بڕیارەکە؛ مستەفا سەنەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس (تویتەری پێشوو) رەخنەى لە بڕیارەکە گرت و نووسى "دەتاندەمە دادگا." 
 
وەک ئامادەکارى بۆ ئەو هەنگاوەش، مستەفا سەنەد داوایەکى پێشکێشی دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق کردووە بۆ ئەوەى بڕیارێک بۆ راگرتنى رێوشوێنەکانى ناردنى ئەو پارەیە بە قەرز بۆ هەرێمى کوردستان دەربکات، تاوەکو سکاڵاکەى یەکلادەبێتەوە، کە لە دژى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراقە.
 
بەڵام نەرمین مەعرووف دەڵێت ''وەزارەتی دارایی خۆی گەرەنتیی ئەم قەرزانەی کردووە و کێشەیەکی یاسایی تێدا نابینرێت و دواتر بۆ پاکتاوی قەرزەکەش، لە پشکی ئەمساڵی بودجەی هەرێمی کوردستان یان پشکی ساڵی 2024ـی دەبڕدرێت.'' 
 
سەبارەت بە سوودی سەر قەرزەکە و کاتی دانەوەی، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی ''سەقفی کاتی دانەوەی قەرزەکە، ساڵی داهاتووە، بەڵام سەبارەت بە سوودەکە، دەبێ بەڕێوەبەریی بانکەکان دیاری بکەن کە ئایا ئەو قەرزە سوودی دێتەسەر یان نا، کە ئەوانیش هێشتا لەوبارەوە بڕیاریان نەداوە.''
 
ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە کاتی ناردنی قەرزەکە بۆ هەرێمی کوردستان گوتی ''بانکە پەیوەندیدارەکان هێشتا رێکارەکانیان تەواو نەکردووە، واتا ئەمڕۆ و بەیانیش سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکان دەبن و ئەگەر کارەکانیان تەواو نەکەن، رەنگە [تەواوکردنی رێکارەکان] بکەوێتەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.''
 
نەرمین مەعرووف گوتی "ئەو بانکانە پێویستییان بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و بانکی ناوەندییە، هەروەها گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ وەرگرتنی قەرزەکەیە، بۆیە رەنگە تەواوکردنی رێکارەکە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
 
ئەوە لەکاتێکدایە رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، چاوەڕوان دەکەن پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەکە بگات و دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.
 
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە. ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپارد، لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکە لە بەغداوە، بەزووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 940 ملیار دینارە تەنها بۆ مووچە، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەوە جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبایە.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.