رووداو دیجیتاڵ
49 سەربازى کوردى لیوا هاوبەشەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دەگوێزرێنەوە بۆ باشوورى کەرکووک، گواستنەوەکە بۆ پڕکردنەوەى هاوسەنگى پێکھاتەکانە لەو شوێنەى بۆى گوێزراونەتەوە لەدواى ئەوەى فەرمانى دەستبەکاربوونى 442 سەربازى دیکەى کورد لەو لیوایانە دەرچووە.
بڕیارى گواستنەوەى ئەو 49 سەربازە کوردەى لیوا هاوبەشەکان لە 14ى نیسانى 2025 جێبەجێکراوە و گوێزراونەتەوە بۆ نزیک قەزاى حەویجەى باشوورى رۆژئاواى کەرکووک.
بەگوێرەى بەدواداچوونى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو 49 سەربازە ئەرکیان لە ناوچە سنوورییەکانى کەرکووک و نەینەوا بووە لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
دوو لیوا هاوبەشەکەى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق خراونەتە سەر میلاکى وەزارەتى بەرگرى، ئەرکیان پاراستنى بۆشایی ئەمنى نێوان ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵە.
بەرپرسێک لەو لیوا هاوبەشانە بە تۆڕى میدیایی روواوى راگەیاند: "گواستنەوەى ئەو 49 سەربازە لە چوارچێوەى بنەمای هاوسەنگی نیشتمانی دایە، ئەو شوێنەى سەربازەکانى بۆ گوێزراونەتەوە بۆشایی رێژەى سەربازانى کوردى تێدابووە."
سێ هەزار و 200 سەربازى کورد لە دوو لیوا هاوبەشەکەدان، ئەرکیان پاراستنى ناوچە کوردستانییەکانە لە دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا کە هاوسنورى هەرێمى کوردستانن.
سەرچاوەکەى رووداو گوتى: "گواستنەوەى ئەو 49 سەربازە دواى ئەوە بوو کە 442 سەربازى دیکەى کورد لەو لیوایانە دەستبەکار دەبن و وەزارەتى دارایی بە فەرمى رەزامەندى خەرجکردنى مووچەکانیانى داوە و لە چوارچێوەى وەزارەتى بەرگرى دەبنە سەرباز و دەستبەکار دەبن. ئەو 49 سەربازە کوردە لە میلاکى دوو لیواکە زیادبوون وەک پێکهاتەى کورد، بەوەش ژمارەى سەربازانى کورد لەو لیوایانە دەگاتە زیاتر لە سێ هەزار و 600 کەس."
بە هەردوو لیوا هاوبەشەکە، شەش فەوجیان هەیە کە لە ناوچە جیاوازەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان ئەرک دەبینن و زۆرینەى چوار فەوجیان کوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ