سەدر بۆ سەرۆککۆماری عێراق: بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەم

18-04-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆمارى عێراق بە فەرمى داواى لە موقتەدا سەدر کرد رەوتەکەى بەشداری لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکات، چونکە پێیوایە هەر پرۆسەیەکى سیاسی کە رەوتى نیشتمانیی شیعە بەشداری تێدا نەکات "کەموکورتە"، موقتەدا سەدریش وەڵامی داواکارییەکەی سەرۆککۆمار دەداتەوە.
 
ئەو داواکارییەى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار لە نووسراوێکدا بووە کە 16ـی نیسانى 2025 ئاراستەى موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعەى کردووە.
 
سەرۆککۆمار دەڵێت، "لە چەند مانگى کەمى داهاتوودا گەلى عێراق دەنگ دەدات بۆ دیاریکردنى ئەندامانى خولى شەشەمى پەرلەمان و بۆ ئەوەى پەرلەمان نوێنەرایەتى لایەن و پێکهاتە و پێکهێنەرە کۆمەڵایەتییەکان بێت، پێویستە ئەو حیزبانە بەشداربن، کە نوێنەرایەتییان دەکەن." 
 
لەتیف رەشید دەشڵێت: "ئێمە و سەرکردەکانى دیکەى وڵات درک بەو بۆشاییە سیاسییە دەکەین کە بەهۆى کشانەوەى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى سەدرەوە دروست بووە لە خولى پێنجەمى پەرلەمان و ئێستا کاتى گەڕانەوەى رەوتى نیشتمانیی شیعەیە بۆ رۆڵبینینى سیاسى".
 
رۆژی 12ـى حوزیرانى 2022، ئەندامانى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى سەدر دەستیانلەکارکێشایەوە، کە 73 پەرلەمانتار بوون.
 
سەرۆککۆمار ئاماژەى بەوەداوە کە پەرلەمان مەیدانى راستەقینەیە بۆ راستکردنەوەى ئەو کەموکورتییانەى لە پرۆسەى سیاسى هەیە و دەڵێت: "هەر پرۆسەیەکى سیاسیی کە رەوتى نیشتمانیی شیعە بەشداری تێدا نەکات کەموکورتە". 
 
ئەو نامەیەی لەتیف رەشید، ئەمڕۆ هەینی لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، هەر دوای نامەکە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە وەڵامی دایەوە و رایگەیاند: "بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکەم و هەرگیز هەوڵی دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکەشم نەداوە."
 
لە 15ى نیسانەوە دەرگاى تۆمارکردنى پارت، هاوپەیمانێتى و لیستە سەربەخۆکان کراوەتەوە و تاوەکو چواری ئایارى 2025 بەردەوام دەبێت، ئامانج لەو هەنگاوە زانینى ئەو لایەنانەیە کە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردندا.
 
لەتیف رەشید رایگەیاندووە کە ئەنجوومەنى وەزیران رۆژى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى دیاری کردووە و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانیش رۆژى کردنەوەى دەرگاى تۆمارکردنى هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان و دەنگدەرانى دیاری کردووە، جوڵەیەکى سیاسیى بۆ فەراهەمکردنى پێداویستییەکانى ئەو هەڵبژاردنە دەستیپێکردووە.
 
لە نووسراوەکەدا سەرۆککۆمار دەڵێت: "جەخت دەکەینەوە کە هەموو ئەو جووڵەیە و ئەنجامەکانى کەموکورت دەبن، ئەگەر رەوتی نیشتمانیی شیعە بەشدار نەبێت لە هەڵبژاردن" .
  
دوایین هەڵبژاردن کە ئەو رەوتە بەشدار بوو تێیدا، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بوو لە ساڵى 2021، بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان موقتەدا سەدر داواى لەلایەنگرانى کرد بایکۆتى بکەن.
 
 موقتەدا سەدر دەڵێت: "کاتێک بڕیارمدا بایکۆتى هەڵبژاردن بکرێت نەمدەویست دوابخرێت یان هەڵبوەشێتەوە، بەڵام ئەوەى دڵگرانى کردم گەلى گەورەى عێراق  بەشداربێت تێیدا بۆ هەڵبژاردنى گەندەڵکاران و بێزراوان و پارەدزان کە تاوەکو ئێستا پارەکە نەگەڕێنراوەتەوە"
 
سەرۆکى رەوتى نیشتمانى شیعە دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر بەشدار نەبووبم و بەشدار نەبم لەگەڵ گەندەڵکاران، بەڵام وەک سەربازێکى  عێراق دەمێنمەوە" .
 
بڕیارە لە 11ـی تشرینى دووەمى 2025 هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەڵقەیەک لە دەستی ژنێکدا. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە

نووسینگەى مافى مرۆڤى بەسرە بۆ رووداو: 27 ژن و مێرد لەسەر گۆڕینەوەى هاوژین دەستگیر کراون

بەرپرسى نووسینگەى مافى مرۆڤى پارێزگاى بەسرە رایگەیاند، "27 ژن و مێرد لەو پارێزگایە دەستگیر کراون، ئەوەش بە تۆمەتى گۆڕینەوەى هاوژینەکانیان، دۆسیەکەش لەلایەن وەزارەتى ناوخۆ و دادگەکانەوە لێکۆڵینەوەى تێدا دەکرێت."