رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێت، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 14 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و دوو کەسیان لە کەرکووک گیانیان لەدەستداوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 19ـی نیسانی 2025 لە راگەیێندراوێکدا ئاماری ئەم ساڵی تووشبوون و گیانلەدەستدانی بە تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە، "ئەم ساڵ لە سەرانسەری عێراقدا 14 تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، کە دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە ".
تووشبووەکان بە گوێرەی پارێزگاکان بەم جۆرە دابەشبوون: شەش کەس لە پارێزگای زیقار، چوار کەس لە کەرکووک و یەک تووشبوو لە هەریەک لە بەغدا، موسەننا، نەینەوا و بەسرە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "دوو گیانلەدەستدان لە پارێزگای کەرکووک تۆمارکراون، یەکێکیان کارمەندی وەزارەتی تەندروستی بوو".
کارمەندە تەندروستییەکە پەرستارێک بوو بەناوی (ی. ن)، تەمەن نزیکەی 22 ساڵ کە کارمەندی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک بوو، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا تووشی تای خوێنبەربوون بوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک بڵاوبووەتەوە، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکێکیان کارمەندی تەندروستی و ئەوی دیکەش گۆشتفرۆش بوو.
فەلاح خەلیل یایچی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکووک هەر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی فراوان دەکەن بۆ قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی بێ مۆڵەت و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە گەڕەکەکان.
تای خوێنبەربوون بە چەند رێگەیەک دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، "مردن لەنێو تووشبووان 10% بۆ 40%ـە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ