کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

17-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، "سبەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ بکرێت."
 
رۆژی 10ی تەممووز، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد، ئەگەر ناتوانن 18-11-2023 هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن، ئەوە رۆژی 18ی کانوونی یەکەم و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوەببەن.
 
رۆژی دووشەممە 17-07-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەستەمە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بتوانێت لە یەک رۆژدا دوو هەڵبژاردن بەرێوەببات، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتاییش لەو بارەوە نەدراوە."
 
بە گوتەی سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، سبەی سێشەممە کۆبوونەوەی هەفتانەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆئەوەی "بزانین کۆمیسیۆن دەتوانێت لەوبارەوە چی بکات و بڕیار دەدرێت."
 
رۆژی 15-07-2023ش عیماد جەمیل لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ رووداو دوا و گوتی، "تاوەکو ئێستا یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانمان وەرنەگرتووە؛ ئەوەش گرنگترین بابەتە، چونکە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان زۆر جیاوازە لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق."
 
عیماد جەمیل گوتی، "کۆمیسیۆنی عێراق ئەندامی پێویستی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر زەحمەتە دوو هەڵبژاردن پێکەوە بەڕێوەببرێن. هەڵبژاردن چاودێرییەکی باشی دەوێت، پێكهێانی لیژنەی دەوێت و زۆر رێکاریش هەن پێویستە بگیرێنەبەر، بەتایبەتی دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و راگەیاندنی ئەنجامەکان."
 
رۆژی هەینی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی 2024 وادەی کاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتاییدێت، "ئەگەر کۆمیسیۆن توانای ئەوەی نەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، دەبێت چاوەڕێ بکرێت پەرلەمانی عێراق کۆمیسیۆنێکی دیکە هەڵبژێرێتەوە و ئەوەش دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە