رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێژەی دەنگدان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، گەیشتووەتە زیاتر لە 67٪.
رۆژی شەممە، 16-12-2023، سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێژەی دەنگدان لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 67٪ و چاوەڕوانن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامەکە پەسند بکات و بەفەرمی بڵاوبکرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامێرەکانی تایبەت بە دەنگدان زۆر سەرکەوتووانە کاریان کردووە و تاوەکو ئێستاش هیچ جیاوازییەک لە ژماردنی دەنگدەکان لە نێوان ئەلیکترۆنی و دەستدا تۆمارنەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامدرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو بۆ دەنگدانى تایبەت.
هەرچەندە دەنگدانی تایبەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 48 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیە جگە لە ئاوارەکان، پێشمەرگە، پۆلیس، پاسەوانی سنوور، زێرەڤانی و پۆلیسی هاتووچۆ هەن، کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
بڕیارە 18ى کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 15 پارێزگاى عێراق بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا و یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ