دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک لەسەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

16-07-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی بڕیارێکی تایبەت بە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی سکاڵایەک کە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکیسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، کۆدەبێتەوە و تێیدا سکاڵاکار بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نایاساییە. 
 
تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە لە کاتێکدایە، رۆژی 30ـی ئایار دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد، یەکێک لەوانە تایبەت بوو بە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان. دادگەکە بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە، بەوەش کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە لە 22ـی ئایار بە دەنگی 58 پەرلەمانتاری پارتی و پێكهاتەکان کارا کرایەوە، نایاساییە و هەڵوەشایەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پێش بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق لە 30ـی ئایار و پێش دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە 22ـی ئایار، سکاڵاکەی دژی نایاسایبوونی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە کە 11ـی حوزەیران یەکەم دانیشتنی دادگە  لەوبارەیەوە بەڕێوەچوو و بۆ ئەمڕۆ دواخرابوو.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی سێشەممەش، 18ـی تەممووزی 2023، دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی دیکەی زیاد جەبار لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆببێتەوە و تێیدا سکاڵاکار داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و داواکە لە رۆژی 11ـی مانگی رابردووەوە دواخراوە.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە یەكێتی سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون:
 
مادەی 1: پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
مادەی 9: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت.
 
مادەی 15: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادەدەکرێن، بەپێی ریزبەندیی ئەبجەدیی ئەلفوبێ.
 
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بۆی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەکی ژنانی تێدابێت، لە 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان سریان ئاشووری تەرخاندەکرێت، بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخاندەکرێت، بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە