کۆمیسیۆن: وەڵامى 248 تانە گەڕاونەتەوە و زۆرینەیان رەتکراونەتەوە

15-01-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، لەکۆى 329 تانە دژ بە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق، وەڵامى 248 تانەیان گەڕاوەتەوە، کە "زۆرینەى هەرە زۆریان" رەتکراونەتەوە.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-1-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمیسیۆن وەڵامى 248 تانەى وەرگرتووەتەوە، کە تایبەت بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان پێشکێش کرابوون" 
 
جومانە غەلاى گوتى، "زۆرینەى هەرە زۆرى سکاڵاکان رەتکراونەتەوە. کۆمیسیۆن بەگوێرەى یاسا جیاکردنەوە و ژماردنەوەى دەنگەکانى ئەنجامداوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکى دەستەى دادوەرى بۆ ژماردنەوەى دەنگی هیچ وێستگەیەکى دەنگدان نەبووە."
 
329 تانە لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، پێشکێش بە کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان کرابوون، واتە 81 تانە ماوە یەکلابکرێنەوە.
 
28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى راگەیاند. لە 29ـی کانوونى یەکەمەوە بۆ سێ رۆژ دەرگاى تانەدان لەو ئەنجامە کرایەوە.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، دوو تانەیان لە دەستەى دادوەریی کۆمیسیۆنەوە پێگەیشتووە کە پێویستى بە وەڵامدانەوەى چەند پرسیارێک هەیە و لە ماوەى 24 کاژێرى داهاتوودا وەڵام دەدرێنەوە.
 
بەگوێرەى بڕگەى 3 لە مادەى 20ـی یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبێت دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن لە ماوەى 10 رۆژ لە داخستنى دەرگەى تانەکان، وەڵامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بداتەوە لەبارەى ئەو تانانەی پێشکێشکراون.
 
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیش دوای 18 ساڵ کرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە