پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان دەدات

02-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و باجی زیادە خستنەسەر جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ دەخرێتە دەنگدانەوە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025، ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە قۆناخی داڕشتنەوەی کۆتایی یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و پاراستنی کۆمەڵگە لە زیانەکانی داین."
 
ماجد شنگالی گوتی، "لەم رۆژانەدا رەشنووسی یاساکە دەخرێتە بەردەم لیژنەیەکی کارامە بۆ پێداچوونەوەی یاسایی و زمانەوانی، وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنی بۆ پەرلەمان و دەنگدان لەسەری لە دانیشتنەکانی هەفتەی داهاتوودا."
 
سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەپێی پڕۆژە یاساکە، باجی زیادکراو بەسەر هاوردەکردنی پاکەتی جگەرە، ڤەیپ و مادەکانی نێرگەلەدا دەسەپێندرێت، رێگریش لە فرۆشتنی جگەرە و ڤەیپ بە کەسانی خوار 18 ساڵ دەکرێت.
 
پڕۆژەیاساکە لە 21 مادە پێکهاتووە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە؛ یەکێک لە مادەکانی سەپاندنی باجی زیادەیە و بۆ هەر پاکەتێک جگەرە کە 20 جگەرەی تێدابێت، 500 دینار باج دانراوە. ماجد شنگالی گوتی: "بەشێکی دیکەی یاساکە قەدەخەکردنی جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلە لە شوێنە داخراوەکان و دامودەزگا حکومییەکان لەخۆدەگرێت."
 
لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، هەر کەسێک لە شوێنە گشتییەکان جگەرە بکێشێت، بە پێبژاردنی 50 هەزار دینار سزا دەدرێت. ئەو کەسانەشی جگەرە بە کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ بفرۆشێت لەو شوێنانەی کە رێگەپێدراون بۆ فرۆشتنی جگەرە، سزای فرۆشیارەکە دەدرێت بە بەندکردن لە شەش مانگ زیاتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە 250 هەزار دینار کەمتر و لە 500 هەزاریش زیاتر نەبێت.
 
لە ساڵی 2012ـدا پەرلەمانی عێراق، یاسای قەدەخەکردنی جگەرەکێشانی لە شوێنە گشتییەکان و دامودەزگا حکومییەکان دەرکرد. دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو یاسایەی لە 2012 دەرکرا، حکومەت جیدی نییە لە جێبەجێکردنی و هاووڵاتییانیش پابەندنین بە جێبەجێکردنی، نەمبیستووە کەس لەسەر جگەرەکێشان سزادرابێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران.

حکومەتی عێراق ژمارەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندیی مامۆستایان دەرکرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی مامۆستایان دەرکرد، هەروەها قەدەخەی هاوردەکردنی خواردنەوە گازییەکان و شرینی بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە و گومرگی سەر سابوونیشی زیاد کرد.