سوودانی گەشتی عومرەی بۆ ژمارەیەک چاکبووەوەی شێرپەنجە کردە دیاری

02-04-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە ژمارەیەک ئافرەت کرد، کە پێشتر شێرپەنجەیان هەبووە و چاکبوونەتەوە، بۆ هەریەکێکیان گەشتێکی عومرەی کردە دیاری.
 
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی نیسان سوودانی پێشوازیی کردووە لە ژمارەیەک "لەو خانمانەی توانیویانە بەرەنگاری نەخۆشیی شێرپەنجە ببنەوە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پزیشکی پسپۆڕ و راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ژنان."
 
سوودانی ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆسەکانی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لەسەر سێ رێڕەوی سەرەکی بەڕێوەدەچن، ئەوانیش:
 
- دابینکردنی دەرمان، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی کە ژیان رزگار دەکەن، هەروەها دامەزراندنی پیشەسازیی دەرمان لە عێراق، لەگەڵ گرنگیدان بە سەنتەرە تایبەتمەندییەکان و تەرخانکردنی پارە بۆیان لە بودجەدا، لەگەڵ دابەشکردنی جوگرافیان.
 
- دروستکردنی سەنتەری تایبەتمەند لەو پارێزگایانەی کە پێویستیانە، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە چارەسەرییەکانیان و کەمکردنەوەی بارگرانی هاتووچۆ لەسەر هاووڵاتییان.
 
- قۆناخی سێیەم بریتییە لە باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری و ئەدای سەنتەرە تەندروستییە سەرەتاییەکان و نەخۆشخانەکان، هەروەها ئەوەی پەیوەندی هەیە بە دەستنیشانکردنی زووی نەخۆشییە مەترسیدارەکان.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی فەرمانی کردووە، "سەرجەم ئەو ژنە رزگاربووانەی دەست نەخۆشی شێرپەنجە کە لە دانیشتنەکەدا بەشداربوون، گەشتێکی عومرەیان بە خۆڕایی وەکو دیاری بۆ رێکبخرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە